حكومەتی هەرێم زانیاریەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور رەتدەكاتەوە

حكومەتی هەرێم زانیاریەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور رەتدەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن، دەستی بەسەر چەند بیرە نەوتێك لە پارێزگای كەركوكدا گرتووە و جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو تۆمەتانە تەنها بۆ دروست كردنی ئاژاوەیە.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەكەنەوە كە گوایە حكومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەكداری دەستی بە سەر چەند كێڵگەیەكی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بە كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركوكدا گرتووە و داگیری كردوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئاشكرایە بەپێی دەستووری عیراق سامانی گشتی هی هەموو خەڵكی عیراقە و هی كۆمپانیایەك نییە، كۆمپانیای نەوتی باكور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز كار دەكات و دەستوور پێشێل دەكات، ئەگەر ئەو كۆمپانیایە لە خەمی چارەسەكردنی كێشەكانە با یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور تەشریع بكرێت.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیانپێكردووە هۆكارەكەی سیاسییە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاویدەكەنەوە دوورن لە راستییەوە و تەنیا بۆ دروستكردنی ئاژاوە و دژی مافەكانی خەڵكی كوردستانە.

پەیوەندیدار