ئەمڕۆ لە چەند شوێنێك مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ دژی دواكەوتنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان كردەوە و ناڕەزاییی دەدەبڕن لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچەكانیان. زیاتر لە هەفتەیەكە دەرگای كۆلێژەكانیان داخستووە.
ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە داوا دەكەن مووچەكانیان دوا نەكەوێت و لەكاتی خۆیدا پێیان بدرێت، هاوكات داوای مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان لە حكومەتی هەرێم دەكەن.
لە پاڵ مامۆستاو فەرمانبەراندا خوێندكارانیش لەنێو خۆپیشاندانەكەدان و داوای دەرماڵەكانیان دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە لە قەزای چەمچەماڵ، مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی چەرمۆ خێمەیان هەڵداوە و ناڕەزایی دەردەبڕن لەبەرامبەر دواكەوتنی مووچەكانیان.
ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە جگە لە دواكەتنی مووچە لەبەرامبەر پلە بەرزكردنەوەشدا نیگەرانی دەردەبڕن كە ماوەی حەوت ساڵە لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕاگیراوە.
لە پارێزگای هەڵەبجەش، ماوەی دوو هەفتەیە مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی هەڵەبجە مانیان گرتووە و دەرگای زانكۆیان داخستووە، ئەمڕۆ لەبەردەم زانكۆكە گرد بوونەتەوە و نارەزایی دەردەبڕن لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان.