ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکى دواى دوایین یارى یانەکەى بەرامبەر فۆڵفسبۆرگ لە خولى ئەڵمانیا ئاماژەى بەوەکرد، کە لەوانەیە ئەمە دوایین یارى بووبێت لە بایرن میونشندا و دەیەوێت لە کۆتایى ئەم وەرزەدا لە یانەکەى بڕوات.
لەم بارەیەوە هێربێرت هاینزى سەرۆکى یانە باڤاریەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵى سپۆرت وەنى ئەڵمانى دەڵێت “لیڤاندۆڤسکى تا 30ى حوزەیرانى 2023 گرێبەستى لەگەڵماندا هەیە و تا ئەو کاتە لەگەڵماندا یارى دەکات”.
لەلایەکى ترەوە، ئۆلیڤەر کانى سەرۆکى جێبەجێکارى بایرن میونشن لە بارەى لیڤاندۆڤسکیەوە ئاشکرایکرد، ئۆفەرێکیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرى کارەکانى کردووە، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە و دەشڵێت “ئەو مافى خۆیەتى ڕەتیبکاتەوە، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە گرێبەستى هەیە و بەئاسانى پابەندەبێت پێوەى”.
هاوکات ئۆلى هۆنیسى سەرۆکى پێشووى بایرن میونشن لە بارەى کێشەکانى نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى لیڤاوە دەڵێت “هەموو شتێک پەیوەندى بە پارەوەیە”.