ئەردۆغان: بە ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ناتۆ قبوڵ ناکەین

سەرۆك کۆماری تورکیا دژایەتی خۆی بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ڕێکخراوی ناتۆ ڕاگەیاند. سكرتێری گشتیی ناتۆش رایدەگه‌یەنێت، پێویسته‌ نیگه‌رانیه‌كانی توركیا بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندامێتی فینلاند و سوید ره‌چاو بكرێن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ھاوتا جەزائیریەکەی ڕایگەیاند، سوید و فینلەندا ھەڵوێستێکی ڕوونیان بەرامبەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە و تیرۆریستان ڕادەست ناکەنەوە.

سەبارەت بە سەردانی وەفدێکی دیپلۆماسی ئەو دوو وڵاتەش بۆ تورکیا “ئەردۆغان” وتی، ئەگەر بۆ ئەوە دێن ڕازییان بکەن لەسەر بە ئەندامبوونیان، باشترە ئەو ئەرکە نەکێشن.

لای خۆیەوەش یانس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتیی رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی “ناتۆ” رایگه‌یاند، توركیا هاوپه‌یمانێكی گرنگی ناتۆیه‌ و بۆ ئه‌ندامێتی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی فینلاند و سوید پێویسته‌ هه‌مو نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانی ره‌چاو بكرێن و لاببرێن.

یانس ستۆڵتنبێرگ رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌نجامداوه‌ و له‌و په‌یوه‌ندیه‌شدا گفتوگۆی له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی فینلاند و سوید كردوه‌ بۆ داواكردنی ئه‌ندامێتی له‌ ناتۆ.

یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “توركیا هاوپه‌یمانێكی گرنگی ناتۆیه‌، پێویسته‌ هه‌مو نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانی لاببرێن، به‌تایبه‌ت له‌دۆسیه‌ی به‌ئه‌ندامبونی سوید و فینلاند له‌ ناتۆ، هه‌روه‌ك پێویستیشه‌ هه‌مو ئه‌ندامانی ناتۆ پێكه‌وه‌ بوه‌ستن له‌ ساتێكی مێژویی وه‌ك ئێستادا”.

بڕیاره‌ به‌مزوانه‌ سوید و فینلاند داوایه‌كی فه‌رمی پێشكه‌ش به‌ رێكخراوی ناتۆ بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مافی ئه‌ندامێتی له‌و رێكخراوه‌، توركیاش كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه‌یه‌ رایگه‌یاندوه‌، پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی ئه‌م دو وڵاته‌ ناكات.

پێشتر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاندبو، سوید و فینلاند هه‌ڵوێستێكی ڕون له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیانه‌دا نیشان ناده‌ن كه‌ توركیا له‌ دژیان شه‌ڕ ده‌كات به‌تایبه‌ت په‌كه‌كه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌نقه‌ره‌ ناتوانێت له‌م قۆناغه‌دا ڕازی بێت به‌ ئه‌ندامبونیان به‌ ناتۆ.

پەیوەندیدار