ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی دایڕشتوه له چه‌ند ساڵی داهاتودا قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و غازی سروشتی 17.000.000.000 (حه‌ڤده ملیار) دۆلار به‌رزده‌كه‌نه‌وه.
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار له دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگیاند، “قه‌باره‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ك باج ده‌درێت به كۆمپانیاكانی مۆڵه‌تپێدان كه وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن له وڵات‌دا ساڵانه 13.000.000.000 (سێزده ملیار) دۆلاره، عێراقیش هه‌وڵده‌دات به‌های وه‌به‌رهێنانه‌كان له ساڵانی داهاتودا بگه‌یه‌نێته 17.000.000.000 (حه‌ڤده ملیار) دۆلار”.
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وتیشی، “سه‌رجه‌م كۆمپانیا مۆڵه‌تپێدراوه‌كان ئاراسته كراون بۆ خێراكردنی پلانه‌كانی وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و غاز، هه‌روه‌ها گرێبه‌ستی نوێ له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ره گه‌وره‌كانی وه‌ك كۆمپانیای تۆتال هه‌یه، هه‌روه‌ها گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای شیڤرۆن هه‌یه سه‌باره‌ت به وه‌به‌رهێنان له باشوری عێراق”.
وه‌زیری نه‌وت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “عێراق ئامانجێكی هه‌یه و كار ده‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه وه‌به‌رهێنانه‌ی كه له ساڵانی 2014، 2017، و 2020 له كاتی پاشه‌كشه‌ی ئابوری دروستبو، عێراق دو ساڵی راسته‌قینه‌ی هه‌بو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ پێگه‌ی خۆی و وه‌به‌رهێنانی وزه‌ی خۆی”.
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، “نرخی نه‌وت كه له ئێستادا له نێوان 100 بۆ 110 دۆلاره بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئاساییه به‌راورد به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی وزه، ئه‌ندامانی رێكخراوی ئۆپێكیش ئامانجیان به‌ده‌ستهێنانی هاوسه‌نگییه له‌نێوان به‌رهه‌مهێنه‌ر و به‌كاربه‌ر”.