لە قەزای ئەرجیش سەربە پارێزگای وانی باکوری کوردستان، لەناو دو پاسدا 47 کۆچبەری نایاسایی و سێ گومانلێکراو دەستگیرکران.
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربونەوەی تاوانە رێکخراوەکان و قاچاغچێتی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزاکە، لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ”قاچاغچێتیکردن بە کۆچبەران و بازرگانیکردن بەمرۆڤ” لە دوڕیانی هاموریەن دوو پاسی گوماناویان راگرت.
لە میانی پشکنینی پاسەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەرکیان بەوە کرد کە ژمارەی کورسییەکانیان کەمە و شوێنی نهێنیی لە بەشی دواوەی پاسەکە هەیە.
دوای ئاشکراکردنی ئەو بەشە نهێنیانە 47 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران کە دووانیان بەهۆی کەمی ئۆکسجینەوە لەهۆش خۆ چوبون.
هاوکات شۆفێری پاسەکان و گومانلێکراوێکی دیکەش دەستگیرکران.
کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان لە دوای پێدانی نان و ئاو گواسترانەوە بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیكردن بە کۆچبەران.