ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زاناکانی یەکێک لە زانکۆکانی ویلایەتی واشنتۆنی ئەمەریکاوە کراوە، ئەوەی دەرخستووە کە ئەو بوارە موگناتیسیەی لە مۆبایلە هۆشمەندەکانەوە دەردەچێت، رەنگە بەرپرس بێت لە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی زەهایمەر.
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت ئەو تیشکەی لە تەکنەلۆژی هۆشمەندەکانەوە دەردەچێت دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی کالیسیۆم لەناو خانەکانی مێشکی ئاژەڵاندا، باسیان لەوەشکردووە کە هەرچەندە کالیسیۆم بۆ ئێسک بەسوودە، بەڵام پێدەچێت زیادبوونیشی ئەگەرەکانی تووشبوون بە خەڵەفان زیاتر بکات.
لەوبارەیەوە، مارتن بال سەرپەرشتیاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە وتویەتی: بوارە کارۆموگناتیسییەکان لەڕێگای هێزێکی موگناتیسییەوە کاردەکەن کە لەمەودایەکی کاتیی “نانۆ سێکەند”دا دەگۆڕێن.
باسی لەوەشکردووە کە ئەو بوارە کارۆموگناتیسیانە لەناو مۆبایلە هۆشەمەندەکان، ژمێرە زیرەکەکان، شارە زیرەک و رادارەکانی ئۆتۆمبێلە ئۆتۆماتیکییەکاندا بوونی هەیە، کە هەریەک لەوانە هۆکارە بۆ تووشبوونی پێشوەختە بە نەخۆشیی زەهایمەر.
بە وتەی بال، لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا ئەوانەش تووشی زەهایمەر دەبن کە تەمەنیان لە سییەکان و چلەکاندایە، ئەو هەڵکشانەش لە ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە، هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوە کارۆموگناتیسییەکان لەڕێگای پەیوەندییە بێتەلەکانەوە.