نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە فەرمی سکاڵای لە دژی تورکیا تۆمارکرد و داوایکرد دەستبەجێ سەرجەم هێزەکانی تورکیا لەنێو خاکی عێراق بچنە دەرەوە.
رۆژی سێشەممە 17-05-2022، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربارەی رەوشی عێراق لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، نوێنەری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، “هەڕەشەکانی پەکەکە ئیدی بیانوو نین بۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیا لەنێو خاکی عێراق.”
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ناوی چڕنووک – قوفڵ لە باشووری کوردستان دەستپێکرد.
بەپێی ئاماری بەرپرسانی ئیداریی سنووری پارێزگای دهۆک کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، لە ساڵی 1991 تاوەکو ساڵی 2022 لە سنووری پارێزگاکە 380 گوند بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون.
هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە 34 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکەش برینداربوون.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش کە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق، نوێنەری عێراق بە فەرمی پشتگیری لە داوای نێچیرڤان بارزانی کرد دەربارەی رێکخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. هەروەها گوتیشی، “هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر زیانێکی گەورەی هەبوو.”
مەجید نیزامەددین گلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک لەبارەی قسەکانی نوێنەری عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، ئەو نوێنەری عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بە فەرمی ئەو سکاڵایەی دژی تورکیا کرد، بەڵام ئەو زمانە تووندەی بەرامبەر تورکیا هەیبوو، بەرامبەر ئێران نەیبوو.
لە بارەی دۆخی سیاسیی عێراق و کێشەی لایەنە سیاسییەکان، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، “لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن و چارەسەری گونجاو بۆ دۆخی چەقبەستووی سیاسی و کاکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.”
ئەو بەرپرسەی عێراق دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بۆ هاوهەڵوێستی و پشتیوانیی بەردەوام بۆ وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەڕەشەی تیرۆردا و گوتی، “لە مانگی نیساندا هێزە عێراقییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ راوەدوونانی داعش دەستپێکرد.”
هەروەها راشیگەیاند، عێراق پابەندە بە گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لە کەمپی ئەلهۆل لە سووریا دەستبەسەر کراون.
لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە دژی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 600 گوند چۆڵکراون کە پشکی شێر بەر پارێزگای دهۆک کەوتووە بە 380 گوند، بەتایبەتی شارۆچکەی ئامێدی کە 250 گوندی چۆڵکراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەرەکەی عێراق پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە و داواشیکرد کە خاکی وڵاتەکەی بەکارنەهێنرێت “بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.”
لە بارەی دۆخی ناوچە ئازادکراوەکان لە دەستی داعش و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان، محەممەد حوسێن بەحرلعلوم ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانراوە سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان بگەڕێندرێتەوە و گوتیشی، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری، تەندروستی، کارەبا، رێگەوبان وایکردووە زۆرێک لە ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.