ڕۆژنامه‌یه‌كی بەناوبانگی ئه‌مریكیی ڕه‌خنه‌ی توند له‌وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌گرێت بەوەی ژن‌و منداڵی چەکدارانی داعشیان لەکه‌مپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگوێخستووە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بابەتێکی لەبارەی دۆخی ژن‌و منداڵانی داعش لەکه‌مپی هۆڵ لەڕۆژئاوای کوردستان‌و مەترسییەکانی که‌مپەکە لەئایندەدا بڵاوکردۆتەوەو تێیدا ڕه‌خنه‌ی لەوڵاتانی ڕۆژئاوا گرتووە بەهۆی ئەوەی ئه‌و وڵاتانه ژن‌و منداڵی چه‌كدارانی داعشیان لهكهمپەکەدا پشتگوێخستووە، لەوبارەیەشەوە وتویه‌تی، ئه‌و پشتگوێخستنە بەشێوەیەکە جێگه‌ی قبووڵکردن نییە.
ڕۆژنامەکە وتەی پیتەر ماورێر سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سووری نێودەوڵەتیی گواستۆتەوە کە لای خۆیەوە ڕەخنەی توندی لەئامادەنەبوونی هەندێک لەوڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییه‌كانیان گرتووە، تەنانەت هەندێکیان ئامادەنین قسە لەسەر ئەو بابەتەش بکەن.
ماورێر ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چۆته سوریا‌و ڕۆژئاوای کوردستان‌و مه‌به‌ستی سەردانەکەش لێکۆڵینەوە بووە لەبارودۆخی ئاوارەکانی ئەو کهمپەی ڕۆژئاوای کوردستان.
واشنتۆن پۆست لە بابەتەکەدا دەڵێت، خۆ دوورگرتنی زۆرێک لەوڵاتانی ئەوروپیی لەهەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی بەرامبەر هاوڵاتیه‌كانیان لەکەمپی هۆل جێی نیگەرانییە، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه پێشتر ژمارەیەک لەو وڵاتانە بەهۆی ڕاگرتنی ئەندامانی قاعیدە لەگوانتانامۆ ئیدانه‌ی ئه‌مریكایان كردووه.
ئەوەش هاتووە، “بارودۆخی “ژن‌و منداڵانی داعش” لەناو که‌مپی هۆڵ زۆر خراپه‌و لەگەڵ ئەوەشدا زۆربه‌ی حکومەتەکانی ئەوروپا بێدەنگن‌و سیاسەتمەدارانی ئەوروپاش به‌هه‌مانشێوه بێدەنگیان هەڵبژاردووە، چونکە لەڕوی سیاسییەوە ئه‌و بێده‌نگییه لەبەرژەوەندیاندایە”.
پیتەر ماورێر، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سووری نێودەوڵەتیی دوای سێیەمین سه‌ردانی بۆ هۆل وتویه‌تی:”هەر جارێک دەچمە هۆل، بارودۆخەکە بەشێوەیەکە کە جێگای قبووڵکردن نییە”.
ڕۆژنامە ئه‌مریكییه‌كه‌ش نوسیویه‌تی، “زۆربه‌ی په‌نابه‌رانی كه‌مپه‌كه خەڵكی سوریا‌و عێراقن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا باس لە 8 هەزار كەس دەكەن كه پەیوەندییان بەچەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانەوە هەیە”.
سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور باسی لەوەشکردووە، بەرپرسانی کوردی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە، ئەوان كاری خۆیان دەكەن، بەڵام هەستدەكەن لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگوێخراون.
ئامادەکاری ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست کە له‌مانگی ڕابردوو سه‌ردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردووه‌و له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌راڵ مایكڵ كۆرێلا فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا کۆبۆتەوەو له‌وباره‌یه‌وه له‌زاری كۆرێلاوه گواستوویەتییەوە کە وتویەتی:”پێویستە جیهان بزانێت لێرە چی ڕودەدات”.
ئه‌وه‌شی باسكردووه، کۆرێلا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو بەرپرسانی دیکەی واشنتۆن‌و لەگەڵ هەندێک فه‌رمانده‌ی سەربازی بیانی، تاووتوێی دۆخی کەمپەکەی کردووە.
ئه‌وه‌شی وتووە، “به‌مه‌به‌ستی ڕاكێشانی سه‌رنج به‌لای بابه‌ته‌كه‌دا، كۆرێلا پلانی هەیە بەمنزیكانە سەردانی كه‌مپی هۆڵو ئەو بەندیخانانەی تر بكات له‌ڕۆژئاوای كوردستان چه‌كدارانی داعش تێیاندا ده‌ستبه‌سه‌رن”.