بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر: لە بۆردومانەكەی سەر چەمچەماڵ پێنج كەس گیانیان لەدەستدا

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر رایگەیاند، لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بۆ سەر گوندی تووتەقەڵی لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە دو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی توركیا، گوندی توتەقەڵی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەریان لەسنوری قەزای چەمچەماڵ بۆردومانکرد، بەرپرسانی سنورەکەش رایانگەیاند، لەو سنورەدا بارەگای گەریلاکانی پەکەکەی لێیە و بەهۆی بۆردومانەکەش ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس سوتاوە.

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 21-5-2022 “دوو ‏فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆردوومانی سنووری گوندی تووتەقەڵ-یان كردووە ‌و ‏بارەگایەكی پەكەكە-یان كردووتە ئامانج، جگەلەوە فڕۆكەكان لە ‏ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تۆیۆتا هایلۆكس)ـیان داوە كە پێنج سەرنشیانیان ‏تێدابووە و هەر پێنجیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەم بۆردومانە لەكاتێدایە جوتیارانی سنورەكە سەرقاڵی دروێنەكردنی بەرهەمەكانیانن.

لەماوەی چەند مانگی رابردودا بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لەچەندین گوند و ناوچەی سنوری بادینان و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زیاتربون و بەهۆیەوەش زۆرێک لەگوند و ناوچەکانی دانیشتوان چۆڵکراون.

پەیوەندیدار