رۆژی هەینی گۆڕی ئەو منداڵەی کە لە 16ـی ئایار بەهۆی پەلاماری سەگەوە لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، هەڵدرایەوە، دادوەری تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە بڕیاریداوە تەرمەکەی لیا عەلی تەمەن 10 ساڵ ژمارەیەک پشکنینی نوێی بۆ بکرێتەوە.
هۆکاری بڕیارەکە جگە لە دروستبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر کەیسەکە، گومانی گەورە نەبردنی تەرمەکەیە بۆ پەیمانگەی پزیشکی داد و نەخۆشخانە. ژیار جەلال، بەڕێوبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت، “لە دوو رۆژی رابردوودا، سەردانی ئەو خانەوادەیەمان کرد کە کە منداڵەکەیان لەلایەن سەگی دراوسێکەیانەوە خوراوە، پێمان گوتن شوێنی رووداوەکە و شایەتحاڵ و کامێرای چاودێرییەکان ببینین، هەموویانمان بینی، لە کامێرا چاودێرییەکەش ئەوەمان بینی کە لیا لە رۆژی یەکشەممە و دووشەممە واتە رۆژی رووداوەکە بەتەنیا خۆی دەچێتە کۆڵانی ئەو سەگانە و کەسی لەگەڵ نەبووە”.
نوێنەری ئاسایش، پۆلیس، ئەوقاف و هەردوو خانەوادەی لیا و دراوسێکەیان و نوێنەری ژمارەیەک رێکخراو ئامادەبوون لە دەرکردنەوەی تەرمەکەی لیا.
فەرهاد قادر، چالاکوانی مەدەنی گوتی، “ئێمە چاودێریی کۆی رووداوەکەمان کردووە، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆش ویستی دادگە و لایەنی لێکۆڵینەوە بووە و داوایان لە باوکی کردووە کە گۆڕەکە هەڵبدەینەوە، بەخۆشحاڵییەوە باوکیشی رازیبوو و گوتی لەبەرامبەر یاسا ملکەچین، دیارە پزیشکی دادوەریش پێیان باشبووە لەبەر ئەو هەموو قسانەی کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە پشکنینیان بۆ دەکەینەوە”.
تەرمەکەی لیا بردرایە پزیشکی دادی سلێمانی، ئەو کارەی بۆ دەکرێت کە دەبوو پێش ناشتنی ئەنجامبدرایە.
د. بەختیار رەشید، پزیشكی توێکار لە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی گوتی: “هەر کەسێک بە هەر رووداوێک نائاسایی گیان لەدەستبدات، پێویستە تەرمەکەی ببرێتە پزیشکی دادی بۆ توێکاری تەرمەکەی و دڵنیابوونەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی، بەڵام بەهیچ شێوەیەک تەرمی لیا عەلی نەهێندراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی، دوای بڕیارەکەی دادوەر تەرمەکەی لیا هێندراوەتە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی و دوای تەواو بوونی پشکنینەکانیش ئەنجامەکەی هەرچییەک بێت دەیدەینەوە دەست دادگە”.
ئەو گۆڕەی چوار رۆژ بوو لیای تێدابوو، ئێستا چۆڵە، دادوەریش چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی پەیمانگەی پزیشکی داد دەکات تاوەکو دووبارە لیا بەخاک بسپێردرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا کە رۆژی هەینی 20-05-2022 بڵاویکردەوە، گوتی، بە بڕیاری دادوەر و بە ئامادەبوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین، تیمەكانی بەشی بەڵگەی تاوان و پزیشكانی دادوەری، تەرمی لیا لەناو گۆڕەكەی دەرهێنراوەتەوە و لە پزیشكی دادوەریی سلێمانییە، دەشڵێت، “توێكاری بۆ لاشەكەی دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوام دەبێت.”