روسیا سزای بەسەر فینلاند سەپاند

کۆمپانیای ‌گازپڕۆمی روسی لە بەیانی ئەمڕۆوە هەناردەکردنی غازی بۆ فینلاند راگرت، دوای ئەوەی کۆمپانیای گازومی فینلندی رەتیکردەوە  غازی روسی بە رۆبڵ بکڕێت کە حکومەتی روسیا کردویەتی بە مەرج بەسەر هەمو ئەو وڵاتانەی غاز و نەوتیان بۆ هەناردە دەکات.

کۆمپانیای گازومی فینلندی لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لە بەیانی ئەمڕۆ شەممەوە هەناردەکردنی غازی روسی بۆ وڵاتەکەیان رادەگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا “ئێمە بە وریاییەوە خۆمان بۆ ئەم دۆخە ئامادە کردوە و هیچ تێکچونێکیش لە تۆڕی دابەشکردنی غازدا ڕونادات”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هۆکاری راگرتنی غازیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە فینلاند رەتیدەکاتەوە لەجێگەی یۆرۆ، بە رۆبڵی روسی مامەڵە وزەی روسییەوە بکات و غازی روسی بە رۆبڵ بکڕێت، بۆیە دۆسییەکەیان ئاڕاستەی دادگا کردوە.

غازی سروشتی 8%ی پێداویستی پیشەسازی و بەکارهێنانی فینلاند دابین دەکات کە زۆرینەی ئەو غازەش لە روسیاوە هاوردە دەکرا، هەفتەی رابردوش فینلاند بۆ جێگرتنەوەی غازی روسی، رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای Excelerate Energyی ئەمریکی واژۆکرد بۆ هاوردەکردنی غاز.

رۆژی چوارشەممە سوید و فینلاند داواکارییان بۆ ئەندامبونیان لە ناتۆ بەرزکردەوە، داواکارییەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بەڵام تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندامبونی ئەو دو وڵاتە وەستایەوە، ئەوەش وایکرد ناتۆ نەتوانێت دەست بە رێکارە پێویستەکان بکات.

پەیوەندیدار