لە پریمەرلیگ مانچستەر سیتی و لە سێریا ئەی ئەیسی میلان بوونە پاڵەوانی خولی وڵاتەكەنیان

لە خولی ئیتاڵیا میلان پاش 11وەرز چاوەڕوانی نازناوی سێریا ئەی بەدەستهێناو نازناوەکەى لە ئینتەرمیلانی هاوشاری وەرگرت.

لە یارییەکانی هەفتەی 38 و کۆتایی خولی یانە پلەیەکەکانی ئیتاڵیا، ئەی سی میلان لە دەرەوەى سانسیرۆ لە لایەن ساسۆلۆوە میوانداری کرا.

میلان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزە کە بۆ 11ساڵ چاوەڕێی دەکرد، هەر لەسەرەتاوە بە هێرشبردن دەستی بە یاری کرد و لە خولەکی 17 گۆڵی پێشکەوتنی لە ڕێگەى ئۆلیڤییەجیرۆوە تۆمارکرد، دواتر بە 15 خولەک هەمان یاریزان میلانی بە گۆڵی دووەم پێشخست، لە خولەکی 36 و لە بەردەوامی هێرشەکانی کوڕانی پیۆلی، فرانک کیسێ میلان گۆڵی سێیەمی بەخشییە میلان

لە تایمی دووەمدا و سەرەڕای هەوڵەکانی میلان بۆ تۆمارکردنی گۆڵی چوارەم و ڕکابەری ساسۆلۆ لە گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یارییەکە، سەرئەنجام تایمی دووەم بەهەمان ئەنجامی تایمی یەکەم کۆتایی هات.

بەو بردنەوەیەش میلان پاش 11ساڵ چاوەڕوانی توانی جارێکی تر بە نازناوەکە شاد بێتەوە و جامی گەورەترین خول لە ئیتاڵیا بە هاندەرانی ئاشنا بکاتەوە.

هاوکات ئینتەرمیلانیش بەهەمان ئەنجامی میلانی هاوشاری لە نێو جیۆسێپی میاتزا شکستی بە سامپەدۆریا هێنا، بەڵام بردنەوەکەى میلان ڕێگربوو تا کوڕانی ئینزاگی پارێزگاری لە نازناوەکە بکەن کە وەرزی ڕابردوو لەسەر دەستی کۆنتی بەدەستیان هێنابوو.

مانچستەر سیتی پاڵەوانی پریمەرلیگ

لە پریمەرلیگ و لە ڕیمۆنتادایەکی شێتانەدا مانچستەر سیتی لە ئەستۆن ڤێلای بردەوە و بە جیاوازی خاڵێک پارێزگاری لە نازناوی پریمەرلیگ کرد.

لە دوا هەفتەی یارییەکانی ئەم وەرزەى خولی یانە پلە نایابەکانی ئینگلتەرا، مانچستەر سیتی پێشەنگ لە یاریگای ئیتحاد میوانداری ئەستۆن ڤێلای کرد.

لە تایمی یەکەمدا و بە پێچەوانەى بۆچوونەکان ئەستۆن ڤێلای میوان دەستپێشخەری کرد و لە خولەکی 37دا گۆڵی پێشکەوتنی بەهۆی ماتی کاشەوە تۆمارکرد و گواردیۆلا و یاریزانەکانی شۆککرد و سەرئەنجام تایمی یەکەم بە پێشکەوتنی کوڕانی جیرارد کۆتایی هات.

لە تایمی دووەمدا و لە خولەکی 69 کەتیبەکەى جیرارد جارێکی تر گواردیۆلایان شۆککرد پاش ئەوەى کۆتینیۆ گۆڵی دووەمی ئەستۆن ڤێلای تۆمارکرد.

بەڵام لە پێنج خولەکدا کوڕانی گوادریۆلا ڕێمۆنتادایەکی مێژوویان تۆمارکرد، کاتێک لە خولەکانی 76 تا 81 سێ گۆڵی یەک لە دوا یەکیان لە ڕێگەى گوندوگان دوو گۆڵ و هێرناندێزەوە تۆمارکرد و نازناوێکی گەورە و گرانی ئەم وەرزەیان لەنێو ئیتحاد بەخشییە گواردیۆلا، هاوکات توانیشیان هاندەرانی مانچستەرسیتی دڵخۆش بکەن و بۆ دووەم وەرز لەسەر یەک پارێزگاری لە نازناوی پریمەرلیگ بکەن.

لە بەرامبەریشدا لیڤەرپوڵ کە پێش کۆتا هەفتەی پریمەرلیگ بە جیاوازی خاڵێک لە دوای مان سیتییەوە بوو، هەرچەندە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ولڤەرهامپتۆنی بردەوە، بەڵام ڕیمۆنتاداکەى مان سیتی ڕێگەى نەدا جارێکی تر بە نازناوەکە شاد بێتەوە دوای ئەوەى وەرزی ڕابردوو بە جیاوازی 17 خاڵ لە بەرژوەندی سیتیزن لەدەستی دابوو.

پەیوەندیدار