ماسیۆ تیولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق رایگەیاند، مەرج نیە ئەم بارودۆخە بۆ هەرێم بەمشێوەیە بەرەوام بێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش سەنگی مەحەك دەبێت بۆ هەرێم لەم قۆناغەدا.
ماسیۆ تیولەر لە میانەی بەشداریكردنی لە دیداری میری كە بە بەشداری ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی لە شاری هەولێر رێكخرابوو وتی، پشگیری بۆچونەكانی جنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق دەكات كە مەرج نییە ئەم بارودۆخە بۆ هەرێم بەمشێوەیە بەرەوام بێت.
وتیشی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەنگی مەحەك دەبێت بۆ دەربازبوون یان خراپتربوونی بارودۆخی هەرێم لەم قۆناغەدا.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٧ی ٥ی ٢٠٢٢ جینین پلاسخارت پەیکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق؛ لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا رایگەیاند، “دەبێت هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لایەک بڕەخسێنێت.”
وتیشی، پێویستە دابەشبوونی ناوچەی زەرد و سەوز کۆتایی بێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، قەوارە و دۆخی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، لە هەرێمی كوردستان جیاوازی و ناكۆكیەكان زیاتر بوون ئەوەش كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دروستكردووە و دابەشبوونی هێزە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مەترسی دەرەكی لەسەر هەرێم زیاتر دەكات.
هاوکات، هیواشی خواست، کە هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ۱ی ئۆکتۆبەری داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق كۆبونەوەیەكی داخراو لەگەڵ سەرۆكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكات سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێم.