ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا له 19 (نۆزده) وڵاتی جیهان توشبون به نه‌خۆشی مه‌یمون تۆماركراوه، كۆی گشتی حاڵه‌ته تۆماركراوه‌كانیش گه‌یشتوه‌ته 131 (سه‌د و سی و یه‌ك) توشبو.
ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، تا ئێستا 131 (سه‌د و سی و یه‌ك) حاڵه‌تی توشبون به نه‌خۆشی مه‌یمون و 106 (سه‌د و شه‌ش) حاڵه‌تی گومانلێكراویش تۆماركراون، كۆی گشتی توشبوانیش له 19 (نۆزده) وڵاته.
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دوپاتیكرده‌وه، ئاوڵەی مه‌یمون ناگۆڕێت بۆ په‌تایه‌كی به‌رده‌وام وه‌ك ڤایرۆسی كۆرۆنا تاوه‌كو پێویستی به‌ڤاكسین هه‌بێت، پێویسته وڵاتان شه‌فاف بن به راگه‌یاندنی توشبون به‌و نه‌خۆشیه ئه‌گه‌ر تۆماربكرێت.
دیارترین نیشانەی توشبون بە نه‌خۆشی مەیمون، بریتیە لەدەركەوتنی ئاوڵه لەدەموچاو و پاشان گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دیكەی جەستە، هەرچەندە لەساڵی 1980وە ئەو نەخۆشیە بنبڕكراوە، بەڵام ئێستا لەچەند بەشێكی كیشوەری ئەفریقا سەریهەڵدەداتەوە.
لەساڵی 2003 چەندین حاڵەتی ئەو نەخۆشیە لەئەمریكا تۆماركران و ئەوەش یەكەمجار بو ئەو نەخۆشیە لەدەرەوەی ئەفریقا تۆماربكرێت، زۆرینەی نیشانەکانی توشبوانی نه‌خۆشی مەیمون سوكە و دوای سێ هەفتە نەخۆشیەكە نامێنێت تەنانەت بەبێ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام هەندێك حاڵەت مەترسیدارە و حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشیەكە لەڕۆژئاوای ئەفریقا تۆماركراوە.
ئاوڵه‌ی مەیمون نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نه و سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كه له ئه‌فریقیاوه ده‌ركه‌وتووه، به‌گشتی نیشانه‌كانی تا و ئازاری ماسولكه و ئه‌ستووربوونی غوده لیمفاوییه‌كان و قڵیشانی پێسته له‌سه‌ر ده‌ست و ده‌موچاوه.
ڤایرۆسی “ئاوڵەی مەیمون” لە رێگەی نزیکبووەنەوە لەیەکتر لەکاتی بەریەککەوتنی (شوێنی برین، شلەی جەستە، دڵۆپەکانی هەناسەدان، ئەو جێگە خەوەی کەسی تووشبوو تێدا دەمێنێتەوە) دەگوازرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر کلێر دیوسناپ، سەرۆکی کۆمەڵەی بەریتانی بۆ تەندروستی سێکسی و ئایدز پێشبینی کرد لە هەفتەی داهاتوودا، رێژەی تووشبووانی ئەو نەخۆشیە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئەوروپا بەرز دەبێتەوە.