لە ئاکامی پەلامارێکی داعش لە باشوری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکوک، شەش کەس کوژران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە تیرۆریستانی داعش بەسود وەرگرتن لە نالەباری رەوشی کەشوھەوا و خۆڵبارین، ھەروەھا لە کاتی دروێنەکردنی گەنمدا، پەلاماری جوتیارانیان داوە لە گوندی سامی عاسی سەربە ناحیەی تازە لە باشوری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکوک.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ئاکامی پەلامارەکەدا، شەش کەس کوژراون، ھەروەھا بەروبومی گەنمی جوتیارەکان و سێ ئۆتۆمبێل، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە سوتێنراون.
باسی لەوەش کردوە کە ھێزە ئەمنییەکان ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی پەلامارەکە لە ناوچەکە دەست پێ کردوە و جەختیشی کردوەتەوە کە چارەنوسی ئەو تیرۆریستانەی داعش کوشتن دەبێت.
ئەوەیشی خستوەتەڕو کە لە ماوەکانی داھاتودا، وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە رادەگەیەنێت.