ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای قەدەغەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و کارنامەی کۆبونەوەکەش لە یەک برگە پێکهاتوە، کە بریتییە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردوە، کۆبونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە (26ی ئایاری 2022) لە یەک برگە پێکهاتوە ئەویش بریتیە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
هاوكات بەپێی رەشنوسی پڕۆژەیاساکەی پەرلەمان هەر جۆرە پەیوەندییەکی فەرمی و نافەرمی لەسەر ئاستی تاک و بەکۆمەڵیش لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق، سزاکەی لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی دەبێت.
بەپێی دەقی رەشنوسەکە حوکمەکانی یاساکە بەسەر ئەو لایەنانەدا جێبەجێ دەکرێت:
1- عێراقییەکانی ناوخۆی وڵات و دەرەوە، لەوانە بەرپرسان و فەرمانبەرانی دەوڵەت و ئەوانەی بۆ خزمەتی گشتی راسپێردراون لە هاوڵاتییان و سەربازان، هەروەها ئەو بیانییانەی لەناو عێراقدان.
2- سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتە فیدڕاڵی و دەستە سەربەخۆکان.
3- حکومەتەکانی هەرێمەکان و ئەنجومەنە پەرلەمانییەکانیان و سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانیان.
4- پارێزگارەکان و ئەنجومەنەکانی پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا و یەکە کارگێڕییە خۆجییەکان و فەرمانگەکانیان.
5- دامەزراوە میدیاییەکانی عێراق.
6- ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
7- دامەزراوەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق.
8- کۆمپانیاکانی تایبەت و کۆمپانیا و دامەزراوە بیانییەکان و وەبەرهێنەران
بەپێی پڕۆژەیاساکە گەشتکردن لە خاکی ئیسرائیلەوە و بە پێچەوانەوە، هەروەها سەردانی باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی لە هەر وڵاتێکی جیهان بێت قەدەغەدەیە، هەروەها پەیوەندیکردن بەهەر هۆکارێک بێت لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل و ئەوەی سەر بە ئەو بێت و ئەوەی نوێنەرایەتی بکات چی تاک یان دامەزراوە یان رێکخراو بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێکی کولتوری، سیاسی، زانستی، بازرگانی، ئابوری، میدیایی، ئەمنی و هەر ناونیشانێکی دیکە بێت، قەدەغەیە.
لە خاڵێکی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا هاتوە، دامەزراندنی هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل قەدەغەیە، ئەو پەیوەندییەش بەهەر هۆکارێکی وەک دیپلۆماسی، ئابوری، سیاسی، سەربازی، کولتوری یان هەر پەیوەندییەکی دیکە بێت.

A : bestun latef

پەیوەندیدار