یۆرگن کلۆپ بە باشترین ڕاهێنەرى پریمەر لیگ هەڵبژێردرا

یۆرگن کلۆپ بە باشترین ڕاهێنەرى ئەم وەرزەى پریمەر لیگ دیاریکرا، هەرچەندە لە دواهەفتەدا نازناوى خولەکەى لەدەستدا.

ڕابیتەى خولى نایابى تۆپى پێى ئینگلتەرا ڕایگەیاند، یۆرگن کلۆپى ئەڵمانى ڕاهێنەرى یانەى لیڤەرپوڵ، بە باشترین ڕاهێنەرى ئەم وەرزەى پریمەر لیگ هەڵبژێردراوە.

بۆ دووەم جارە کلۆپ خەڵاتى باشترین ڕاهێنەرى پریمەر لیگ بەدەستدەهێنێت، کە لە وەرزى 2018 بۆ 2019شدا خەڵاتەکەى بردەوە، دواى ئەوەى توانى نازناوى خولەکە بۆ لیڤەرپوڵ بەدەستبهێنێت.

کلۆپى 54 ساڵ بە کۆکردنەوەى زۆربەى دەنگەکانى هاندەران و لیژنەیەک لە شارەزایانى تۆپى پێ خەڵاتەکەى بردووەتەوە، دواى ئەوەى تیپەکەى بەبێ دۆڕاندن لە یاریگاى خۆیدا کۆتایى بەم وەرزەى پریمەر لیگ هێنا، کە ئەمەش بۆ پێنجەم جارە لە مێژووى یانەکەدا، هەرچەندە لە دوایین هەفتەى خولەکەدا نازناوەکەى بۆ مانچستەر سیتى لەدەستدا.

کلۆپ هیوادارە بە باشترین شێوە کۆتایى بەم وەرزە بهێنێت، کاتێک لە 28ى مانگدا ڕووبەڕووى یانەى ڕیاڵ مەدریدى ئیسپانى دەبێتەوە، لە یارى کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپادا.

کلۆپ هەوڵ دەدات بە بردنەوەى چامپیۆنز لیگ کۆى نازناوەکانى لەم وەرزەدا بۆ سێ نازناو بەرزبکاتەوە، دواى ئەوەى جامى یەکێتى و جامى ڕابیتەى یانە پیشەگەرەکانى ئینگلتەراى بەدەستهێناوە.

پەیوەندیدار