سەرچاوە سەربازییەکانی بەغداد رایانگەیاند، تورکیا بە نیازی فراوانکردنی ھێرشەکانییەتی لە ھەرێمی کوردستان و پەکەکەش کوژرانی ٢٦ سەربازی تورکیای راگەیاند.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە سەربازییەکانی بەغداد، سوپای تورکیا دەستی بە زیادکردنی ھێزەکانی کردووە لە ھەرێمی کوردستان و بە نیازە ھێرشەکانی دژی پەکەکە زیاتر بکات، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە تورکیا ھەر بە بۆردومانی ئاسمانی ھێرشەکانی دەکات یان لە وشکانیشەوە ھێرشەکانی فراوانتر دەکات.
ھاوکات ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی ھێزەکانی پاراستنی گەل “ھەپەگە” رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ٢٦ سەربازی تورکیایان کوشتووە و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەکیشدا گرتووە.
پێشتریش سوپای تورکیا کوژرانی چوار ئەفسەر و سەربازێکی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند و خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیاش رایگەیاند، بەردەوامن لە ھێرشەکانیان دژی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان.