نــاسا : مــرۆڤ دەنـێـرێـتـە سەر مـەریـخ

ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریکی (ناسا) پلانی نوێی ئاژانسەکەیانی لەبارەی هەسارەی مەریخ ئاشکراکرد، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، “دوو کەشتیوانی ئاسمانی ڕەوانەی سەر ڕووی ئەو هەسارەیە دەکرێت‌و بۆماوەی 30 ڕۆژ دەمێننەوە”.

ناسا باسی لەوەکردووە، دوای گەیشتن بەخولگەی مەریخ لەڕێگای مووشەکەوە، دوو کەشتیوانەکە دادەبەزنەسەر ڕووی مەریخ، بەڵام دوو کەشتیوانی تریش لەخولگەی هەسارەکە دەمێننەوە، لەبەرئەوەی لەو ڕێگایەوە دەتوانرێت ئەو کۆمەک‌و پێداویستیانە وەربگیرێن کە پێشوەختە ڕەوانەی پێگەکە دەکرێت، کە بریتییە لەیەکەیەک کە کێشی 25 تۆن دەبێت‌و وزەو توانای جوڵەکردنیان بۆ دابیندەکات.

لای خۆیەوە، کیرت ڤۆگڵ بەڕێوەبەری ئەندازیاریی لەئاژانسی ناسا ڕوونیکردۆتەوە، ئەو دوو ئاسمانەوانەی دادەبەزنەسەر ڕووی مەریخ، لەگالیسکه‌یەکی گەڕۆکی پەستێنراودا دەژین.

وتویەتی:”پێمان باشە پێشئەوەی ئامادەیی ئەوەیان تێدابێت جلوبەرگی تایبەت بەبۆشاییی ئاسمان لەبەربکەن‌و داببەزنەسەر ڕووی مەریخ، ماوەیەکی باش بەگالیسکەکە لەسەر مەریخ بسووڕێنەوە”.

سەبارەت بەزانایانی ناسا، هەڵبژاردنی 30 ڕۆژ بۆمانەوە لەسەر مەریخ، زۆرترین سوودی هەیە لەڕووی خەرجیی‌و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان.

پەیوەندیدار