ئەمڕۆ لە هەولێر گەنمی جووتیاران وەردەگیردرێت

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایدەگەیێنیت، لە ئەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەن و لە سەرەتاوە گەنمی جووتیارانی قووشتەپە وەردەگرن و پاشان گەنمی جووتیارانی ناوچەکانی دیکە.

سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند: “لە ئەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکەین. خشتەیەکمان داناوە، هەر ناوچەیەک زووتر گەنمی دووریبێتەوە لەوێوە دەست بە وەرگرتن دەکەین. ئەمڕۆ گەنمی قووشتەپە وەردەگرین، دواتر شەمامک و دوای ئەوەیش خەبات، ئینجا دەشتی هەولێر، شەقڵاوە و سەڵاحەدین، کۆیە، شۆڕش، هەریر و شوێنەکانی دیکە.”

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئەمساڵ وەک پار نییە کە جووتیار بڕێکی بۆ دیاری کرابێت و هەر ئەوەندەی لێ وەربگیردرێت. جووتیار هەرچەندە گەنمی هەبێت لێی وەردەگیردرێت.

سەعید عومە گوتی: “ئێمە تەنیا پشت بە ناوی جووتیارەکە دەبەستین. جووتیارەکە ناوی لە کشتوکاڵ هەبێت، ئێمە گەنمەکەی لێ وەردەگرین هەرچەندێک بێت.”

لە سایلۆی هەولیر لە 28ـی ئایارەوە تاوەکو 8ـی حوزەیران گەنمی جووتیارانی قووشتەپە وەردەگیردرێت. ناوچەکانی دیکەیش هەریەکەیان بە چەند رۆژێک وەردەگیردرێت. کاتیش بۆ وەرگرتنی گەنم دیاری نەکراوە و هەر کاتێک جووتیار گەنمەکەی ببات لێی وەردەگرن.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر باسی لەوە کرد، ئەمساڵ هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیردرێت. گەنمەکەیش نمرەی بۆ دیاری نەکراوە وەک پار کە لە یەک تا سێ بوو، ئەمساڵ هەمووی بە یەک نرخ وەردەگیردرێت.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتیشی: “ئەمساڵ وەکو ساڵان گەنم نەچێنراوە، پێشبینی دەکەین 100 هەزار تۆن گەنممان هەبێت.”

ئەمساڵ وابڕیارە کە دوای نزیکەی 15 رۆژ لە وەرگرتنی گەنمەکە، پارەکەی بە جووتیاران بدرێت.

پەیوەندیدار