پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەند کچێک کردبوو.
درەنگانی شەوی رابردوو 27-05-2022، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەوە رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەند کچێک کردووە. ئەوەش دوای ئەوەی کە کچێک لە بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ سکاڵای یاسایی لەسەری تۆمارکردووە.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەستپێکرد. دەشڵێت، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار (ھ، م، ق) لەدایکبووی 1987 لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، دوای لێکۆڵینەوەکان و لەکاتی پشکنینی موبایلەکەیدا، دەرکەوت کە تۆمەتبارەکە “سوکایەتی و ھەڕەشەی لە چەندین کچی تر کردووە.”
هەروەها پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبار لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.