لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە 975 دینار، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانیش گوتی، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ هەزار دینارە.
رۆژی شەممە 28ـی ئایاری 2022، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی، نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە، نۆرماڵ لە 950 دینارەوە بۆ 975 دینار لە بازاڕەکاندا هەیە؛ موحەسەن دەگاتە هەزار و 100 دینار و سوپەریش 1200 دینار.
سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ، جەنگی مەجید دەڵێت: “لە رۆژێک پێش جەژنی رەمەزانەوە یەک لیتر بەنزین لە عێراقەوە نەهاتووە؛ نەوتیش لە بۆرسەی جیهانیدا نرخی بەرزبووەتەوە، ئەمانە هۆکارە سەرەکییەکانن”.
سەبارەت بە نرخی بەنزین لە سلێمانی، رۆژی شەممە 28-5-2022، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتی، نرخی بەنزین 50 دینار بەرزبووەتەوە و نرخی لیترێک نۆرماڵ بووە بە هەزار دینار، هەروەها موحەسەن هەزار و 125 دینارە و سوپەریش هەزار و 200 دینارە.
بەهمەن شێخ قادر دەڵێت، بەنزینیش هاوشێوەی زێڕ و شیش لە بۆرسەی جیهانیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەشێکی بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندی بەوەوە هەیە. گوتیشی: “لە تورکیا و ئێران ئەو بەنزینەی دەهێندرێت گرانبووە، عێراق مانگانە 33 ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری دەنارد، ئەوەش راگیراوە، ئەوەش پڕکردنەوەی دەوێت، بەگشتی خواست زیاترە لەو بەنزینەی بەردەستە”.
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی باسی لەوەش کرد کە ئەوان ناچارن بەنزین دابین بکەن بۆ بەردەوامیدانی کارەکەیان و بەرزکردنەوەی نرخەکەی لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، “نرخ بەرزبێتەوە زیانمان پێدەگات، فرۆشمان کەمدەبێتەوە و گلەیی هاونیشتمانیانیش دێتە سەرمان؛ ئەوانیش مافی خۆیانە”.
رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2022، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكدا گوتی، 21 رۆژە بەنزینی 690 دیناری عێراق نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە هۆکارەکەی گوتی: “دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆمپانیای کار، هەرچەند بەنزینەکەش بەنزینی عێراقییە، بەڵام راگیراوە، چونکە حکومەتی عێراق نەوتەکەی دابیندەکرد و لە کۆمپانیای کار بە پارە دەیپاڵاوت و دواتر دابەشی دەکردەوە”.