میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئەکتەریدیاری ئەمریکی ڕای لیۆتا، ئەستێرەی فیلمی “گودفیلاس”ی مارتن سکۆرسێزی لەتەمەنی67 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
هەروەک پێگەی”TMZ” کە ماڵپەڕێکی تایبەتە بەهەواڵی کەسایەتییە ناودارەکان، لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لەو ئەکتەرەکە ڕایگەیاندووە، لیۆتا لەشیرینی خەودا گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سینەمایی دۆمۆنیکانیش بەئاژانسی فڕانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو ئەكتەرە ئەمریکییە لەگەڵ هاوسەرەکەی لەو وڵاتە بووەو لەکاتی وێنەگرتن بۆ فیلمێک گیانی لەدەستداوە.
زۆر کەس لەڕەخنەگرانی سینەمایی دەڵێن فیلمی “گودفیلاس” کەچەندین ناوی دیاری بواری سینەمای لەخۆگرتووە، لەوانەڕۆبەرت دی نیرۆ، بەیەکێک لەگرنگترین فیلمەکانی سەدەی بیستەم دەزانن.
جگەلەوەی لەو فیلمەی ساڵی 1990 کە ڕۆڵی پیاوێکی مافیایی دەگێڕێت، ڕەی لیۆتا لەلایەن جەماوەری ئەمریکییەوە بەهۆی ڕۆڵبینین وەک یاریزانێکی بیسبۆڵ لەفیلمی “مەیدانی خەونەکان”ی ساڵی 1989 زۆر ناسراوە، کە کیڤن کۆستنەر ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا.
ڕەی لیۆتا بۆ یەکەمجار لەساڵی 1986 بەبەشداریکردنی لەفیلمی “سەمسینگ وایڵد”دا ناوبانگی دەرکردو چووە ناو جیهانی سینەما، کە بەهۆیەوە پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین ئەکتەر لەڕۆڵی لاوەکیدا.