پێرێز جیاوازی ڕیاڵ مەدرید و یانەکانی تری ئاشکراکرد و دووپاتیشیکردەوە مباپێیان لەبیرکردووە.
فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنز لیگ ئاماژەی بەوەکرد، لەم ساڵدا بە شێوەیەکی گشتی وەرزێکی باشیان پێشکەشکردووە و هاوکات بەبەختبوون دوای ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین یانەی قورس بوونەتەوە و یەک لە دوای یەک لێیان بردوونەتەوە.
پێرێز دەڵێت “چامپیۆنز لیگ وەک میوە وایە، چەند یارییەکمان بینی، کە ناتوانرێت بە ئاسانی لەبیریان بکەیت، تیبۆ کۆرتواش وەرزێک نایابی بەسەربرد، ئەو باشترین گۆڵچی جیهانە و هەر لەبەر ئەمەش گرێبەستمان لەگەڵدا کردووە”.
پێرێز پێیوایە کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەکەی ڕاست دەکات، کە دەڵێت جیاوازی ڕیاڵ مەدرید و یانەکانی تر ئەوەیە ئەوان مەدریدیستان و دەشڵێت “خۆ بینیتان چۆن بەرامبەر مانچستەر سیتی یاریمان کرد”.
لە بارەی کیلیان مباپێوە سەرۆکی یانە مەدریدیەکە دووپاتیکردەوە، یانەکەی هەردەم بەردەوامدەبێت لەسەر گواستنەوەی باشترین یاریزانەکان و مباپێشیان لەبیرکردووە هەر وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت و وتیشی “وەرزێکی نایابمان بەسەربرد و ئەو باسەش لەبیرکراوە، قسە لەسەر مباپێ ناکەم بەڵکو ئاهەنگ بە ڕیاڵ مەدریدەوە دەگێڕین”.