ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 27 ساڵ به‌تۆمه‌تی دزیكردن له‌ماڵێك ده‌ستگیركرا

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 27 ساڵیان ده‌ستگیركردوه‌، كه‌ كاتژمێر 5:00ی به‌ره‌به‌یان چوه‌ته‌سه‌رماڵێك به‌مه‌به‌ستی دزیكردن، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م حاڵه‌تی له‌مشێوه‌یه‌یه‌ كه‌ ئافره‌تێك به‌وجۆره‌ دزی بكات.
هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس سكاڵای یاسایی تۆماركرد كه‌ دزی له‌ماڵه‌كه‌ی كراوه‌، ئێمه‌ به‌دواداچونێكی چڕمان ده‌ستپێكرد، بۆئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵساوه‌ به‌ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ده‌ركه‌وت كه‌سێك كاتژمێر 5:00ی به‌ره‌به‌یانی ده‌چێته‌ ئه‌و ماڵه‌ و بڕێك پاره‌ ده‌دزێت كه‌ به‌وته‌ی خاوه‌نی ماڵه‌كه‌ بڕی 6.300 (شه‌ش هه‌زار و سێسه‌د) دۆلاری ئه‌مریكی و دو مۆبایلی دزیوه‌”.

وتیشی، “ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ ئافره‌ته‌ و له‌دایكبوی ساڵی 1995ه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م حاڵه‌تی له‌مشێوه‌یه‌یه‌ له‌شاری هه‌ولێر تۆماركرابێت كه‌ ژنێك له‌ كاتژمێر 5:00ی به‌یانی بچێته‌سه‌ر ماڵێك و دزی بكات، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، تۆمه‌تباره‌كه‌ په‌یوه‌ندی ناسیاوی له‌گه‌ڵ ئه‌و ماڵه‌دا هه‌بوه‌ و ناسیاوی یه‌كتر بون”.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا تۆمه‌تباره‌كه‌ دراوه‌ته‌ دادگا و به‌پێی مادده‌ی 443 له‌یاسای سزادانی عێراقی به‌ندكراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامه‌.

پەیوەندیدار