حکومەتی سووریا دەڵێت ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەی کە تورکیا بە نیازە ئەنجامی بدات، “تاوانی جەنگە” و بەشێکە لە سیاسەتی ئەنقەرە بۆ “ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی” لە ناوچانەی کە “داگیریکردوون”.
تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆلی شەڕڤانان لە رۆژئاڤای کوردستان و بە قوولایی 30 کیلۆمەتر نیشانداوە و بە گوتەی خۆی، “ناوچەیەکی ئارام” دروست بکات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) رۆژی دووشەممە، راگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “کۆماری سووریای عەرەبی ئەو دوژمنکاریانە رەتدەکاتەوە کە لە چەند رۆژی رابردووەوە لە لایەن هێزە داگیرکارەکانی تورکیاوە لە هەرێم و شارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامیداون کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل و زیانی زۆری بەر کەرتی گشتی و سامانی تایبەت گەیاندووە و چەندین خێزان بەهۆیەوە ئاوارەبوون.”
وەزارەتی دەرەوەی سووریا هاوکات هەوڵی تورکیا بۆ دروستکردنی “ناوچەی ئارام” بە “پێشێلکاریی گەورە” ناودەبات و دەڵێت: “بەشێکە لەو پاکتاوە نەتەوەیی و جوگرافییەی لە لایەن حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە لە ناوچە داگیرکراوەکان دەکرێت.” دەشڵێت ئەوە “تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە”
ئاژانسی سانا ئاماژەی بەوەش کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت، سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا “نابنە کەرەستەی دەستی رژێمی تورکیای تووندڕەو تاوەکو هەڕەشە و مامەڵەیان پێوە بکات.”
رۆژی دووشەممە 30-05-2022 سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای هاوپەیمانی دیمەشق، جەختی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە کردووەتەوە بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، “ناوچەیەکی داماڵراو لە تیرۆر” بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دروستبکات.
نووسینگەی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردوغان رۆژی دووشەممە، لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا، بە ڤیلادمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی راگەیاندووە، دروستکردنی “ناوچەی ئارام” بە گوتەی خۆی، لە نێو خاکی سووریادا “پێویستە”.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە, سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکی رووسیای گوتووە، پلانی دروستکردنی “ناوچەیەکی ئارام” بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بە درێژایی سنووری سووریا، بەو شێوەیە جێبەجێنەکراوە کە ساڵی 2019 لەسەری رێککەوتبوون.
ساڵی 2019، رووسیا و تورکیا رێککەوتن کە پۆلیسی سەربازیی رووسیا و پاسەوانی سنووری تورکیا بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر پاشەکشە بە شەڕڤانان بکەن و پێکەوە ناوچەکە کۆنتڕۆل بکەن.
ئەنقەرە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە رێکخراوێکی تیرۆرست دادەنێت.
بەگوێرەی راگەیێنراوی نووسینگەی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەردوغان بە پووتینی گوتووە، “پەکەکە/یەپەگە لە سووریا بەردەوامە لە پەلامارە تیرۆریستییەکانی بۆ سەر مەدەنییەکانی تورکیا و سووریا. ناوچەیەکی داماڵدراو لە تیرۆر بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لەسەر سنووری توركیاوه کە لە لێکتێگەیشتنی تشرینی یەکەمی 2019 ھەیە، نهتواندراوه دروستبكرێت. هەر بۆیە ناچارین ئەوێ بکەینە ناوچەیەکی پارێزراو”.
ئەردۆغان هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤانان دەکات تاوەکو بە درێژایی سنوورەکەی “ناوچەیەکی ئارام” دروستبکات.
ئەمریکا بەرامبەر هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێ هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە ئەو هاوپەیمانە ناتەبایەی ناتۆ، سەربازەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.
لە ساڵی 2016ـەوە تاوەکو ئێستا، تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە.