سکرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پیرۆزبایی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات.

بەڕێز جەنابی کاک بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

      بابەت:پیرۆزبایی

سڵاوێکی گەرم..

بە بۆنەی یادی47 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگە دێرینەکان و هەموو ئەندامە تێکۆشەرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم ، هیوادارم ئەم یادە مێژووییە هاندەر بێ بۆ پتر پێشخستنی خەبات و تێکۆشانی یەکێتی و بەرجەستەکردنی یەکڕیزیی کوردستانی و بەدیهێنانی ماف و داخوازییەکانی گەلەلەکەمان . یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدرێژایی مێژووی تێکۆشانی خۆی بە رێبەرایەتی سەرۆک مام جەلال رۆلی گەورەی هەبووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، ئێستاش لە بەردەم بەرپرسیارێتی بەدیهێنانی دەسکەوتی زیاتر و پتەوكردنی بنەماکانی حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە و سەقامگیریی سیاسی دایە.

ئەم یادە لە کاتێ دایە ، کە جیهان ،رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و کوردستان لە ڕەوشێکی هەستیار دایە ، لە باشووری کوردستانیش بەهۆی فراوانبوونی مەودای لێکترازان و نەبوونی تێگەیشتنی هاوبەش و کارنامەیەکی هاوبەشی سیاسی، لەجیاتی یەکخستنی گوتاری سیاسی لە ئاستی عێراق، لە جیاتی هەنگاونان بەرەو چارەسەریی ڕیشەیی و بەدەنگەوە چوونی داواکاریی خەڵک، رۆژ لە دوای رۆژ کێشەکان زەقتر دەبنەوە ، ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕوانگەی درککردن بە بەرپرسیارێتیمان، هێنانەئارای کەشێکی ئارام و یەکدی قەبووڵکردن بە ئەرکی هەمووان دەزانین و بەهێزکردنی پەیوەندی لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان ، وەک پێویستییەکی هەنووکەیی قۆناخەکە و بەرنگاربوونەوەی ئالنگاریەکان لێکدەدەینەوە.

هەر لەم بۆنەیەدا ، وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی دووبارەمان ، جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەمەوە .

لەگەڵ ڕێزماندا

بەڵێن عەبدولڵا
سكرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
31-05-2022

پەیوەندیدار