ئەمڕۆ سێشەممە دوای ئەوەی بازاڕەکانی ئاسیا کرانەوە، بەهۆی رێککەوتنی وڵاتانی ئەوروپی لەسەر قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا، نرخەکانی نەوت جارێکی دیکە بەرزبوونەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 31-5-2022 بەرمیلێک نەوتی برێنت 1 دۆلار و 36 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 123 دۆلار.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 3 دۆلار و 33 سەنت بەرزبووەوە بە 118 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممەی رابردوو نرخەکانی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەرزبوونەوە. بەرمیلێک نەوتی برێنت 61 سەنت بەرزبووەوە و بە 120 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 92 سەنت بەرزبووەوە بە 116 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەڵام ئەمڕۆ نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و زیاتر بەرزبوونەوە.
وڵاتانی ئەوروپی رێککەوتوون تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 90%ـی نەوتی رووسیا قەدەخەبکەن، ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤەکارانی نەوت پێشبینیان کردووە لە ماوەیەکی کورتدا نرخەکانی نەوت هێندە بە خێرایی بەرزنەبنەوە.ستێڤن ئێنەس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ( ئێس پی ئای ئەسێت) دەڵێت، بازاڕی نەوت پێشتر پێشبینی رێککەوتنی سەرکردەکانی ئەوروپای لەسەر قەدەخەکردنی نەوتی رووسیا کردووە و نرخەکانیش کاردانەوەیان هەبووە.
ئێنەس پێیوایە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بەشێکی بەهۆی کرانەوەی ئابووریی چینە و ئەگەری بەرزبوونەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەدوای ئەوەی رێوشوێنەکانی هاتووچۆی ئاسانکرد.