لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاری دا لە سزاکانیدا گەمارۆ بخاتە سەر نەوتی رووسیا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە، سزاکان بۆڕی گەیاندنی نەوتی خاو ناگرێتەوە.
بەگوێرەی رەشنووسێک کە کۆپیێکی بڵاوبووەتەوە، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا نەیانتوانیوە بە زۆرینەی دەنگ لەسەر تەواوی وردەکاییەکان سەبارەت بە سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر کەرتی نەوتی رووسیا هاوڕابن.
رەشنووسەکە دەڵێت: “ئەنجوومەنی ئەوروپا هاوڕایە کە پاکێجی شەشەمی سزاکان لە دژی رووسیا نەوتی خاو، بەرهەمە پترۆلییەکان کە لە رووسیاوە هەناردەی وڵاتانی ئەندام دەکرێت، دەگرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی ئەو نەوتە خاوەی بەبۆڕی هەناردە دەکرێت، لە سزاکان بەدەرکراوە.”
هەر لە رەشنووسەکەدا هاتووە: “ئەنجوومەنی ئەوروپا داوا لە ئەنجوومەن دەکات [بڕیارەکە] بەبێ دواخستن تەواو بکات و جێبەجێی بکات. دڵنیاییش لە کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و گۆڕەپانێکی هاوئاست لە ئاست بازاڕی یەکێتی ئەوروپا بدات و هاوسۆزیش لەنێو وڵاتانی ئەندام هەبێت بۆ بارێک کە پچڕانی لەناکاوی خستنەڕوو رووبدات.”
داواشکراوە ئەو جیاکارییەی کە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕی نەوتەوە حیسابکراوە، بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
بڕیارە نوێیەکەی یەكێتیی ئەوروپا نرخی نەوتی بەرزکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 31-5-2022 بەرمیلێک نەوتی برێنت 1 دۆلار و 36 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 123 دۆلار.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 3 دۆلار و 33 سەنت بەرزبووەوە بە 118 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممەی رابردوو نرخەکانی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەرزبوونەوە. بەرمیلێک نەوتی برێنت 61 سەنت بەرزبووەوە و بە 120 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 92 سەنت بەرزبووەوە بە 116 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەڵام ئەمڕۆ نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و زیاتر بەرزبوونەوە.
وڵاتانی ئەوروپی رێککەوتوون تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 90%ـی نەوتی رووسیا قەدەخەبکەن، ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤەکارانی نەوت پێشبینیان کردووە لە ماوەیەکی کورتدا نرخەکانی نەوت هێندە بە خێرایی بەرزنەبنەوە.ستێڤن ئێنەس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ( ئێس پی ئای ئەسێت) دەڵێت، بازاڕی نەوت پێشتر پێشبینی رێککەوتنی سەرکردەکانی ئەوروپای لەسەر قەدەخەکردنی نەوتی رووسیا کردووە و نرخەکانیش کاردانەوەیان هەبووە.