گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە توركیا دەكات پابەندی رێككەوتنی 2019 بێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە نیگەرانیی واشنتنی لەبەرامبەر ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە دەربڕی، داوای لە تورکیا کرد پابەندی رێککەوتنی ئۆکتۆبەری 2019 بێت کە وەستاندنی هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەخۆدەگرێت.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە تورکیا کرد پابەندی “راگەیێندراوی هاوبەشی ئۆکۆتۆبەری 2019 بێت” کە ئاماژە بەوەستاندنی هەموو ئۆپەراسیۆنێک دەکات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا سەرکۆنەی هەر هەڵچوونێک دەکات کە هێڵەکانی ئاگربەست بخاتە مەترسییەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوت، ئەوان بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا دەزانن، بەڵام هەر هێرشێکی نوێ زیاتر سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و هەروەها ئەو دەستکەوتانەش دەخاتە مەترسییەوە کە لە شەڕی دژی داعشدا بە زەحمەت بەدەستهاتوون.

نێد پرایس دەڵێت، “گرنگە هەموو لایەک رێزی ئاگربەست بگرن، بۆ ئەوەی سەقامگیری لە سووریا بەرەوپێش بچێت و هەروەها کاربکرێت بە ئاراستەی چارەسەرێکی سیاسی شەڕی سووریا.

پەیوەندیدار