سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ناونووسین بۆ سوودمەندبوون لە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەستپێدەکات، کە فۆڕم لە رێگەی ئۆنلاینەوە پڕدەکرێتەوە. نرخی یەکەکانیشی ئاشکرا کرد و گوتی هەر مەتر دووجایەکی لە نێوان 250 بۆ 350 دۆلار دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی حوزەیرانی 2022، د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ناونووسین لە رێگەی ئۆنڵاین بۆ 20 هەزار یەکە نیشتەجێبووەکە دەستپێدەکات و لەو بارەیەوە رێنمایی تایبەت بڵاودەکەینەوە.
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان خەمڵاندنێکیان کردووە بۆ نرخ و قیستی شوقەکان، بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بێت، نرخی هەر مەترێکی دووجا لە نێوان 250 بۆ 350 دۆلار دەبێت، کە ئەوەش بەگوێرەی خزمەتگوزارییەکان دەگۆڕێت.
لە بارەی قیستەکانیشەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: “بە گوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بێت قیستی یەکەکەکان بە 12 بۆ 15 ساڵ دەدرێتەوە.”
رۆژی چوارشەممە 11-5-2022، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی: بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بڕیاردراوە لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، لە قۆناخی یەکەم 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان رابگەیێندرێت.
هەر ئەو کات محەممەد شوکری گوتیشی لە رابردوودا 186 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون، کە 180 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بوون، لەو پڕۆژانە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت نەیتوانیوە زۆر سوودی لێ ببینن. دەمانەوێت لەم 20 هەزار یەکەیەدا هەموو ئەوانەی سوودمەند دەبن خەڵکی شایستە بن.
رۆژی 31-05-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، لە زووترینکاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.