رووسیا نیگەرانی خۆی لە ئەگەری هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەربڕی

لەسەرووبەندی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هێزەکانی رووسیا بەسەر شاری منبجی باکووری سووریادا دەسووڕێنەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤاناندایە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش هانی تورکیا دەدات ئۆپەراسیۆنی دیکەی سەربازی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی هەسەدە ئەنجام نەدات. ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بارەی نیازی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ دەڵێت: “ئومێدەوارین ئەنقەرە خۆی بەدووربگرێت لەو کارانەی کە دەکرێت ببنە هۆی تێکچوونێکی مەترسیداری ئەو دۆخە هەستیار و زەحمەتەی لە سووریا هەیە.”

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتیشی: “جووڵەیەکی لەو جۆرە، بێ هەبوونی رەزامەندیی حکومەتی رەوای کۆماری عەرەبیی سووریا، دەبێتە پێشێلکارییەکی راستەوخۆی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان”.

ئەمریکاش هۆشداریی بە تورکیا داوە لەوەی کە هەر هێرشێک دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی، و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر سەربازە ئەمریکییەکان.

لیندا تۆماس گرینفێڵد، باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاساییش، لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، نیگەرانیی وڵاتەکەی بەرامبەر بە نیازی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرش دەربڕیەوە، بەڵام بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سێدات ئۆناڵ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر پلانی هێرشەکە پیشانداوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سێدات ئۆناڵ بە تۆماس گرینفێڵدی راگەیاندووه‌: “له‌ ماوه‌ی رابردوودا ھەڕەشەی تیرۆریستی بۆ سەر تورکیا لەو ناوچەیەوه‌ زیادیکردووە؛ ناتوانرێت چاوەڕوانی ئەوە له‌ توركیا بكرێت کە بێباک بێت لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەی ھێزە ئەمنییەکان، خەڵکی سڤیل و ناوچه‌كانی نێو سنوورەکانیشی دەکەنە ئامانج و ئەجێندای جوداخوازی بەره‌وەپێشه‌وه‌ ده‌به‌ن؛ تورکیا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە ھەڕەشە لە بەرژەوەندییە چاره‌نووسسازه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی دەکەن”.

بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی ئازادیی ئایینی، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە عەفرین و سەرێ کانی چەندین پێشێلکارییان دژی پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامداوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە تویتێکدا هۆشداریدا کە هەر هێرشێکی نوێ دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسیی گەورە بۆ سەر “باکووری سووریا” و قەیرانێکی نوێی ئەمنی و شەپۆڵێکی نوێی ئاوارەبوون دروستدەکات و داوای کرد، “هەموو لایێک رێگە لە دروستبوونی تراژیدیای نوێ بگرن.”

پەیوەندیدار