حەیدەر عەبدولڕەزاق : یاریزانی پێشوی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گیانی لەدەستدا

به‌یانی ئه‌مڕۆ مردنی حەیدەر عەبدولڕەزاق، یاریزانی پێشوی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق راگه‌یه‌ندرا، دوای ئه‌وه‌ی 2ی ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ له‌ به‌غدا هێرشكرایه‌ سه‌ری و برینداركرا.

به‌پێی ماڵپه‌ڕی سۆمه‌ریه‌ نیوز، حەیدەر عەبدولڕەزاق، یاریزانی پێشوی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی “الجمله‌” له‌ به‌غدای پایته‌خت به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ كۆتایی به‌ ژیانی هاتوه‌، دوای ئه‌وه‌ی سێشه‌ممه‌ی رابردو برینداركراوه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، 2ی ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر حەیدەر عەبدولڕەزاق و به‌هۆیه‌وه‌ به‌سه‌ختی بیرینداركراوه‌ و توشی خوێنبه‌ربونی ناوه‌كی بوه‌ و پاشان گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و تاوه‌كو به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ژێر چاره‌سه‌ریدا بوه‌.

ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی پێشوی تۆپی پێی عێراق كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 39 ساڵیدا ماڵئاواییكرد، یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی كه‌ به‌شدارێكی كارابوه‌ له‌ بردنه‌وه‌ی جامی ئاسیا بۆ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق له‌ ساڵی 2007دا، هاوكات له‌ چه‌ندین یانه‌ی عه‌ره‌بی و وڵاتانی كه‌نداویشدا یاری كردوه‌.

پەیوەندیدار