لە عێراق 136 كەس توشی تای خوێنبەربوون بوون لەنێویاندا 23 كەس گیانیان لەدەستداوە

بەڕێوەبەری یەکەی نەخۆشییە گواستراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای زیقار رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون گەیشتووەتە 136 کەس و لەنێویاندا 23 کەس بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە، پارێزگای زیقاریش یەکەمە لە تۆمارکردنی نەخۆشییەکە لەسەر ئاستی عێراق.

رۆژی 5ی حوزەیرانی 2022 د. حەیدەر حەنتوش، بەڕێوەبەری یەکەی نەخۆشییە گواستراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای زیقار راگەیاند، “ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی تای خوێنبەربوون بوون گەیشتووەتە 123 کەس کە تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە 23 کەسیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە؛ زۆرینەی تووشبووان لە پارێزگای زیقارن.”

سەبارەت بە تووشبووانی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار و ژمارەی ئەو کەسانەشی بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڕێوەبەری یەکەی نەخۆشییە گواستراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای زیقار ئاماژەی بەوە کرد، “تاوەکو ئەمڕۆ لە پارێزگای زیقار 52 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و 12 کەسیش لە پارێزگاکەمان بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە.”

لەبارەی زۆریی ژمارەی تووشبوون لە پارێزگای زیقار، د. حەیدەر حەنتوش ئەوەی خستەڕوو، “پارێزگاکەی ئێمە یەکێکە لەو پارێزگایانەی خەڵکێکی زیاتر تێیدا بەریەککەوتنی لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە و ئەوەش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکە کە بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ.”

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو خەڵک، بەتایبەت ئەو کەسانەی ئاژەڵیان هەیە و گوشتفرۆشەکان و هەروەها هەموو خەڵک بەگشتی، جگە لەوە لەڕێگەی پرژاندنی ئەو شوێنانەی کە ئاژەڵیان تێدا بەخێودەکرێن بەو ماددانەی پێویستن.”

ئەو بەرپرسەی تەندروستیی زیقار هۆشداریشی دا لە سەربڕین لەسەر شەقامەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی بۆ ئاژەڵ و دەڵێت، “ئێمە لای خۆمانەوە کارمان بۆ کردووە و پێویستە رێوشوێنی تووندتر بگیرێتەبەر بۆ قەدەخەکردنی تەواوەتیی ئەو دیاردەیە.”

تای خوێنبەربوون ئەمساڵ سەرەتا لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق بڵاوبووەوە، کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و زۆرینەی تووشبووەکانیش لە عێراقدا هەر لەو پارێزگایەن، ئێستا لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.

مێژووی تای خوێنبەربوون لە عێراق بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لەڕێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە، دیارترین نیشانەکانی بریتین لە تا و ئازاری ماسوولکە و سکچوون.

پەیوەندیدار