مەزڵوم كۆبانێ : ئەردۆغان دۆخی لە ناوخۆی توركیادا باش نییە

فەرماندەی گشتی هەسەدە رایدەگەیەنێت، توركیا بەردەوام هەڕەشەی هێرشكردنە سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكات، هێزەكانی ئەوانیش لە ئامادەكاریدان بۆ روودانی هەر حاڵەتێك.

مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە “دەوڵەتی توركیا بەردەوام هەڕەشەی هێرشكردنە سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكات، هێزەكانی ئێمەش لە ئامادەكاریدان بۆ هەر ئەگەرێك كە رووبدات، ئەوە ڕوونە كە ئەردۆغان دۆخی لە ناوخۆی توركیادا باش نییە، ئەم دۆخەش گرێدراوی دۆخی ناوخۆیەتی، بۆیە دەیەوێت لەسەر حسابی گەلی كورد پشتیوانی ڕەگەزپەرستەكان بەدەستدەهێنێت”.

راشیگەیاند “هەتا ئێستا هەڵوێستی ئەمریكا ئەرینییە، وتویەتی ئێمە ڕێگە نادەین بە هێرشێكی بەو شێوەیە، ئێمە دەزانین لەمبارەیەوە پەیوەندی هەیە لەنێوان بەرپرسانی ئەمریكا و توركیا ئەمە بەرز دەنرخێنین، بەڵام ئەو هەڵوێستانەی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بەس نییە بۆ ڕێگرتن لە هێرشی ئەردۆغان، پێویستە بەردەوام هۆشداری بدرێتە ئەو وڵاتە”.

دەشڵێت “تا ئێستا هەڵوێستی ڕووسیاش ئەرینییە لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، هەر بۆیە داواشمان كردووە لە كۆبوونەوەی نێوان ڕووسیا و بەرپرسانی توركیا ئەم بابەتە بخەنە بەرباس، بەتایبەت لە كاتێكدا كە هەڕەشەكانی ئەردۆغان لەسەر گرێ سپی و منبجە كە ئاسمانی لە ژێر كۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە”.

ئاماژەی بەوەشكرد “دەوڵەتی توركیا دەرفەتی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا وەرگرتووە، هاوكات ئەوەش چوونە ناوەوەی سوید و فینلاندا بۆ ناتۆ كارتێكی دیكەیە كە دەیەوێت لەبەرامبەردا هێرشی ئەو ناوچانە ئەنجام بدات”

پەیوەندیدار