سەرۆکی رووسیا هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا لە پڕچەککردنی زیاتری ئۆکراینا، بە تایبەتی بە چەکی پێشکەوتوو و دەڵێت، “ئامرازە وێرانکەرەکانمان بەکاردەهێنین.”
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، “ئێمە قسە لەسەر ئەو مووشەکانە دەکەین کە ئەمریکییەکان دەیاندەنە ئۆکراینا. ئەوەی کە ئێمە بیستوومانە ئەمریکا مووشەکێک دەداتە ئۆکراینا مەودای لەنێوان 45 تاوەکو 70 کیلۆمەتر دەبڕێت. بە گشتی ئەمریکا دەیەوێت درێژە بە شەڕەکە بدات. من یەک شت دەڵێم، ئەگەر مووشەکی دوور مەودا بدەنە ئۆکراینا ئەو کاتە ئێمە ئامرازە وێرانکەرەکانمان بەکاردەهێنین و ئەو شوێنانە دەکەینە ئامانج کە پێشتر نەمانکردوونەتە ئامانج.”
لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرایناوە تاوەکو ئێستا، ئەمریکا لە پرۆسەیەکی بەردەوامدا، چەند جۆرێک چەکی داوەتە ئۆکراینا کە ئەمانەن:
مووشەکی دژە تانکی جۆری جاڤلین و نزیکەی 7 هەزار پارچەی.
مووشەکی دژە فڕۆکەی ستینگەر و هەزار و 500 پارچەی.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری کامیکەیز کە ئیدارەی بایدن بەنیازە 700 دانە رادەستی ئۆکراینا بکات.
90 تۆپی زیرەک لە جۆری هاوتیزەر.
تۆپی زیرەکی جۆری هیمارس کە پێشکەوتووترینی تۆپە زیرەکەکانی ئەمریکایە کە بە سیستمی GPS کاردەکات، لەگەڵ 4 پارچەی ئەو تۆپە.
بە دابینکردنی ئەو چەکانە و هەزاران جۆری دیکەی چەکی سووک و مامناوەند؛ بەهای هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەگاتە نزیکەی 54 ملیار دۆلار.
لەگەڵ هەڵکشانی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئۆکراینا، هێرشە مووشەکییەکانی رووسیاش زیاتر بوون. لە دەستپێکی شەڕەکەوە رووسیا سەرووی 2 هەزار و 800 مووشەکی تەقاندووە کە دیارترینیان مووشەکی کالیبەری دوور مەودایە.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوە کرد، “لە رێگەی مووشەکی دوور مەودای زۆر ورد، چەند کەرەستەیەکی سەربازیمان لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا وێرانکرد، ئەو کەرەستانە لەلایەن چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە دابینکرابوون.”
لەڕووی مەیدانیشەوە، رووسیا لە دۆنباس لە پێشڕەویدایە. ئێستا سوپای رووسیا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە هەندێ ناوچەی هەرێمی دۆنباس؛ دژ بە سوپای ئۆکراینا لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵاندان.
سەرۆکی ئۆکراینا خۆی دانی بە راستییەکەدا ناوە. ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، “بارودۆخ لە سیڤیرۆدۆنێتسک زۆر قورسە، شەڕ گەیشتووەتە کۆڵانەکانی شارەکە. هەروەها بارودۆخی شاری لیسیچانسک، مارەینکا و کۆراخۆڤۆ-ش قورسە، بە گشتی ناوچەی دۆنباس لەژێر هێرشی بەردەوامی فڕۆکە و مووشەک و تۆپدایە.”
لەوانەیە دیمیتری دۆمبرۆڤیسکی؛ وێنەکێشی نەتەوە پەرستی دانیشتووی کیێڤی پایتەخت و سەرجەم ئۆکراینییەکانی دیکەی دژە رووسیا، لەمەولا ناچاربن خۆیان لەگەڵ راستی بوونی سوپای رووسیا لە دیوی ناوەوەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بگونجێنن و تەنیا بەشێک لە سەرکەوتنەکانیان لەسەر دیواری شارەکانیان وێنە بکەن.