وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە دابەشکردنی بەنزینی 690 دیناری عێراقی دەستپێدەکاتەوە، دەشڵێت بۆ سبەی بەنزینەکە تەنها لەناوشاری سلێمانی دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ دوشەممە، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند،” لەدوای ئەو هەوڵانەی دراون بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی بەنزینی 690 دیناری، بڕیارە بۆ سبەی بڕێک بگاتە سلێمانی و دەست بە دابەشکردنی بکرێت”.
بۆ سبەی تەنها لەناو شاری سلێمانی دابەشدەکرێت
رونیشیکردەوە،” پێیان نەوتوین بڕی بەنزینەکە چەندە، بۆ سبەی تەنها لەناو شاری سلێمانی دابەشدەکرێت هیوادارین بۆ رۆژانی داهاتو بۆ شوێنەکانی دیکەش بنێردرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد،” لەهەمان ئەو بەنزینخانانەی لە رابردودا بەنزینەکە دابەشدەکرا دابەشدەکرێتەوە، مەگەر بەرهەمە نەوتییەکان گۆڕانکارییەکی بچوک بکات، بەنزینەکەش بۆ تاکسی و پاس و ئۆتۆمبێلی تایبەتیشە”.
جەختیلەوەشکردەوە،” دابەشکردنی ئەم بەنزینە کاریگەری باشی دەبێت لەسەرنرخی بەنزین، تا بڕی زیاتریش بێت نرخی بەنزین دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی دو رۆژە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک بەنزینی سوپەر بوە بە 1300، بەنزینی موحەسەن بوە بە 1225 دینار، نۆرماڵ بوەتە 1100 دینار، ئەمەش نیگەرانی شۆفێرانی لێکەوتوەتەوە.
لەدوای گرانبونی نرخی بەنزین، شۆفێرانی پاسی ناوشار نرخی یەک نەفەریان لە 500 دینارەوە بۆ 750 دیناربەرزکردوەتەوە.