وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، لە پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراكدا هیچ شایستە داراییەك بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان نەكراوە، دەشڵێت، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نایاساییە.
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، 26 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک تەرخان کراوە و لەو بڕە پارەیەش هیچ شایستەیەکی هەرێمی کوردستانی تێدا نیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پڕۆژە یاسایە نابێتە جێگرەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2022.
رونیشیکردەوە، دۆخی ئابوری عێراق باشە و قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی دەگاتە 80 ملیار دۆلار.
لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە سەبارەت بە پرسی نەوتی هەرێم، وەزیری دارایی عێراق رونیکردەوە، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەناردەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بوە بە کارێکی نایاسایی و هەروەها ناتوانن هیچ بڕە پارەیەک لە بودجەی ئەمساڵ بۆ هەرێم تەرخان بکەن.