تورکیا… رێژەی هەڵاوسان لە 74% نزیکبووەتەوە

سیاسەتی نوێی ئابووریی تورکیا کە بە “مۆدێلی چین” ناوی دەبەن، دەوڵەمەندەکانی دەوڵەمەندتر و کەمدەرامەتەکانی کەمدەرامەتتر کردووە.

ئابووریی تورکیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 7.3% گەشەی کردووە، بەڵام رێژەی هەڵاوسان لە 74% نزیکبووەتەوە. بەهای لیرەی تورکی دابەزیوە و یەک دۆلاری ئەمریکی بە نزیکەی 16 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نورەدین نەباتی، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دەڵێ، “لایەنی بەڕێوەبەری ئابووری لە تورکیا گەشەی پێباشترە لە گرتنەبەری رێوشوێنی تووند بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان. بەرهەمهێنەران و هەناردەکاران قازانج لەم سیستمە دەکەن، جگە لە کەمداهاتەکان. کار لەسەر زیادکردنی داهاتی کەمدەرامەتەکان دەکەین بۆ پاراستنیان لە کاریگەرییەکانی هەڵاوسان.”

ئابووریی تورکیا لە ماوەی 20 ساڵی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا هێندەی ئێستا بە قۆناخێکی قورسدا تێپەڕ نەبووە. پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێیان وایە هەوڵەکانی دەسەڵات بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری نەک تەنیا بێ ئەنجام بوون، بەڵکو کۆمەڵگەیان زیاتر دووچاری قەیران کردووە.

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی ئاماژەی بەوە کرد، “ئەمانە بە راستی ئابووریی وڵاتەکەیان وێرانکرد؛ دادپەروەرییان لەنێوبرد. ئێمە ئەمە دەزانین، بەڵام دڵنیابن چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ئاسانە. لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەم دەسەڵاتە لە وێستگەیەکدا بێتەخوارەوە و ئێمە ببینە دەسەڵات، بە پشتیوانی خودا کێشەکانی وڵاتەکەمان بە خێرایی چارەسەردەبن.”

بانکی ناوەندیی تورکیا لە کانوونی یەکەمی 2021 ـەوە سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا بۆ پێنج جار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14% بە جێگیری هێشتووەتەوە.

پەیوەندیدار