دادگای بەرایی سلێمانی/2، بڕیاریدا ئەو گرێبەستەی وەزارەتی داد لەگەڵ کۆمپانیای کەرتی تایبەت کردویەتی کە لە فەرمانگەکانی دادنووس پارە وەردەگرن لە ھاوڵاتیان لەروی یاساییەوە پوچەڵە هاوکات بریاریداوە بە گێرانەوەی بڕی ئەو پارەیەی کە داویەتی بە کۆمپانیاکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، حاکم لەتیف مستەفا، نوسراوێکی دادگای بەرایی سلێمانی /2ی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا هاتوە،” ھەموو رسوماتێک دەبێت بە یاسا لە لایەن پەرلەمانەوە بڕیاری لێبدرێت و تەنھاش لەلایەن کارمەندانی فەرمانگە وەربگیرێت و ھەر پارەیەک بدرێت بە کۆمپانیا نایاساییە.
هەر لە نوسراوەکەدا هاتوە، پاڵپشت بەبڕیارێکی پێشوتری ئەنجومەنی شورای ھەرێم ئەو گرێبەستەی وەزارەتی داد لەگەڵ کۆمپانیای کەرتی تایبەت کردویەتی کە لە فەرمانگەکانی دادنوس پارە وەردەگرن لە ھاوڵاتیان لەروی یاساییەوە پوچەڵە، ھاوڵاتی کە مامەڵەی ھەبو لە دادنوس تەنیا ئەو پارەیە دەدات کە لەلایەن فەرمانگەی دادنوس خۆیەوە لێی وەردەگیرێت.
لەبەشێکی نوسراوەکەدا باسلەوەکراوە،” دادگا بریاریداوە بە گێرانەوەی بڕی ئەو پارەیەی کە داویەتی بە کۆمپانیاکە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردودا دادگا بڕیاریدابو، ئەو پارەیەی کۆمپانیاکان بەناوی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک ، پارەی ئاو لە هاوڵاتیانی وەردەگرن نایاساییە، ئەمەش پاڵپشت بەو بڕیارەی پەرلەمان کە تەنها فەرمانبەری حکومە و فەرمانگەکان مافی کۆکردنەوەی رسوماتیان هەیە.