لە ئامەد پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵی 19 رۆژنامەڤان و دەستگیریكردن

پۆلیسی توركیا به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ ئامه‌د 19 رۆژنامه‌نوسی ده‌ستگیركرد، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌، سەردار ئاڵتان سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی دیجلە و فوڕاته‌.

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ پۆلیسی توركیا له‌ ئامه‌دی باكوری كوردستان ئۆپه‌راسیۆنێكی بۆ سه‌ر ماڵی رۆژنامه‌نوسان ده‌ستپێكردوه‌، تائێستا 19 رۆژنامه‌نوس ده‌ستگیركراون، كه‌ یه‌كێكیان سەردار ئاڵتان، هاوسەرۆکی کومەڵەی ڕۆژنامەنوسانی دیجلە و فوڕاته‌.
هاوكات میدیاكانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) بڵاویانكرده‌وه‌، له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیادا هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕۆژنامەنوسانی ژن نیوز- سافیە ئالاگاش و گوڵشەن کوچەک، ڕۆژنامەنوسی ئاژانسی مەزۆپۆتامیا عەزیز ئوروچ، عومەر چەلیک، سوات دۆگهان، ڕەمەزان گەچکین، بەریڤان کاراتۆپراک، نەشە تۆپراک، ئیبراهیم کۆینچو، ئەسمەر تونج، مەهمەت شاهین، زەینەڵ عابدین، لەناو دەستگیرکراواندان.

له‌دوای هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردوه‌كه‌ی (ته‌موز/7)ی 2016 هه‌زاران رۆژنامه‌نوس، چالاكوانی مه‌ده‌نی و سیاسی و هاوڵاتی له‌ توركیا ده‌ستگیركراون و سزای زیندانیكردنیان به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی په‌كه‌كه‌ و ره‌وتی خزمه‌تی فه‌تحوڵا گولله‌ن ده‌ستگیركراون، كه‌ توركیا به‌ هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كوده‌تاكه‌ تۆمه‌تباری ده‌كات.

پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت، ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ توركیا خراپە

دوێنێ سێشه‌ممه‌، پەرلەمانی ئەوروپا راپۆرتی ساڵی 2021ی له‌باره‌ی توركیا بە ده‌نگی 448 په‌رله‌مانتار پەسەندکرا و 67 په‌رله‌مانتاریش دژی راپۆرته‌كه‌ بون، هاوكات 107 په‌رله‌مانتاریش ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ نه‌بون، كه‌ تیایدا هاتوه‌، “ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ توركیا خراپ”، هانی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ش ده‌دات کە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئاشتبونەوەی راستەقینە لەنێوان گەلانی تورکیا و ئەرمەنەکان.

تا ئێستا وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه‌.

پەیوەندیدار