سوریا : هەر هێرشێكی توركیا به‌پشتیوانی هه‌ردوو هاوپه‌یمانی ڕوسی‌و ئێرانی ده‌درێته‌وه‌

سەرچاوه‌یه‌كی سه‌ربازیی لەناو حکومەتی سوریا ڕایگەیاند، هه‌ر هێرشێكی توركیا بۆسه‌ر سوریا بەگشتیی، وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

ئەو سەرچاوە سەربازییەی سوریا لەپارێزگای حەلەب بەئاژانسی “نۆرس پرێس”ی وتووە، هه‌ر هێرشێكی توركیا بۆ سه‌ر ته‌لڕه‌فعه‌ت، له‌لایه‌ن سوپای سوریاوه‌ وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ به‌پشتیوانی هه‌ردوو هاوپه‌یمانی ڕوسی‌و ئێرانی ده‌درێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی وتووە، ئامانجی توركیا ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند به‌شێكی خاكی سوریا قوت بدات‌و ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌یه‌كگرتویی خاكه‌كه‌ی‌.

هەروەک جه‌ختی له‌وه‌شكردۆته‌وه‌، سوپای سوریا له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هێرشێكی گریمانه‌كراو، “وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر” ڕه‌فتار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات.

بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانیش، دوێنێ هاوكات له‌گه‌ڵ كۆبونه‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ تورکیا له‌ئه‌نكه‌ره‌، فڕۆكه‌ ڕوسییه‌كان به‌ئاسمانی ته‌لڕه‌فعه‌تدا به‌ئاستێكی نزم سوڕانه‌وه‌.

جگەلەوەی به‌پێی ڕاپۆرته‌ میدیاییه‌كان، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی‌ دواییدا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هێزەکانی سوپای ڕژێمی سوریا هێنراونه‌ته‌ ته‌لڕه‌فعه‌ت.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا لەسەر زاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و گەورە بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە ئاشکرایانکرد، بەمەبەستی درووستکردنی ناوچەی ئارام بەقوڵایی 30 کیلۆمەتر، نیازی داگیرکردنی بەشێکی تری خاکی ڕۆژئاوای کوردستانیان هەیە، بەڵام تائێستا ئەو وڵاتە گڵۆپی سەوزی لەلایەن ئەمریکاو ڕووسیاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ هەڵنەکراوە.

پەیوەندیدار