لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە ژنێکی تەمەن 42 ساڵ، لەناو ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بە “چەكوش کوژرا” و تائێستاش تۆمەتباری روداوەکە دەستگیر نەکراوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە رێکخراوێکی تایبەمەندە بە چاودێریکردنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردەوە، دوێنێ چوارشەممە لە گەڕەکی (حەسەن ئاوا)ی شاری سنە سەرگوڵ ئەکبەری بەهۆی کێشەی خێزانی لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هاوسەرەکەی بەناوی (عیرفان قادری) کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “عیرفان قادر خەڵکی گوندی کەرە سی و توشبووی ماددە هۆشبەرەکان بوە، دوای ئەنجامی ئەو تاوانەش هەڵاتوە و هەتا ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکراوە. ناوبراو پێشتریش چەندینجار ژنەکەی داوەتە بەر لێدان و کوتان.”
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا شەش ژن لە شارەكانی سنە، کرماشان و سەقز بە دەستی هاوسەرەكانیان کوژراون.
لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و زیادبونی رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی گشتی و خێزانیدا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بون و شارەزایانی بواری کۆمەڵناسیش بۆ چارەسەری کێشە دەرونی و خێزانییەکان، پێشنیاز دەکەن هاوڵاتیان سود لە رێنمایی و راوێژی پزیشکانی دەرونی وەربگرن.