یونامی : پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر هەولێر سزابدرێن

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) رایگەیاند ئەگەر تاوانبارانی ھێرشەکەی سەر شاری هەولێر ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن، دەشڵێت:”عێراق پێویستی بە فەرمانڕەوای چەکدار نییە”.

9ی حوزەیرانی 2022، یونامی راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشەکەی شەوی 8ی حوزەیرانی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە، کە لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە بوو، بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون و زیانیش بە چەند ئۆتۆمبێلێک گەیشت.

یونامی ئاماژەی بەوەداوە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو رێگەی هەولێر- پیرمامی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانی لە نێو هاووڵاتیانی مەدەنی لێکەوتەوە. هێرشەکەشی بە کارێکی “لادەر” ناوبردووە.

یونامی دەڵێت: “وەک ئەوەی پێشتر گوتومانە عێراق پێویستی بە فەرمانڕەوای چەکدار نییە، کە بە زۆر خۆیان وەک سەرکردە دەسەپێنن، جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت کارێکی بنەڕەتییە، ئەگەر تاوانکاران ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن”.

دوای هێرشەکە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارانی کرد و رایگەیاند: “ئێمە نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، درۆنەکە لە شوێنێک کەوتووەتە خوارەوە، کە هیچ بارەگایەکی لێ نییە. ئێمە بە دیاریکراوی نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەگەنە ئامانج، ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتووە هەر ئەو شوێنانەی پێشووە، کە هەڕەشەکانی لێوە هاتووە.”

سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکەش، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: “بەداخەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر هەولێر و چەند کەسێک برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان تەندروستیی باش نییە، هیوادارم کە بە تەندروستییەکی باشەوە هەڵبستنەوە”.

بەم هێرشەی شەوی رابردوو، لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا 12 جار هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر و دەوروبەری. دوایینجار کە بە درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر لە 11ی ئەیلوولی 2021 بوو، هێرشەکەش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بوو، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

پەیوەندیدار