دادگەی باڵای بەریتانیا گڵۆپی سەوزی بۆ رەوانەکردنی پەناخوازان بۆ رواندا هەڵکرد و، هەموو ئەو سکاڵایانەی رەتکردنەوە کە داوایان دەکرد هەنگاوەکە هەڵبووەشێنرێتەوە کە ناڕەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە. زیاتر لە 90 کەسایەتیی دیاری ئەو وڵاتە دوایان لە کۆمپانیاکانی هێڵە ئاسمانییەکان کردووە هاوکاری حکومەتی بەریتانیا نەکەن و پەنابەرەکان نەگوازنەوە.
چالاکوانان بۆریس جۆنسۆنی سەرۆکوەزیرانیان بەوە تۆمەتبارکرد، هەوڵدەدات لەڕێگەی ناردنی کۆچبەرانەوە بۆ ڕواندا ئەو کێشە و قەیرانانە بشارێتەوە کە تێێ کەوتووە. هەروەها خەڵکی بەریتانیا زیاتر لە 15 هەزار نامەی ناڕەزاییان بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ناردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە گواستنەوەی ئەو پەنابەرانەدا نەکەن.
ژمارەیەک رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی کۆچبەران داوایان لە دادگەی باڵای لەندەن کردبوو، گواستنەوەی پەنابەر و پەناخوازان بۆ رواندا بە نایاسایی دابنێت و پلانەکەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام دادگەکە رۆژی هەینی ئەو داواکارییانەی رەتکردنەوە و رایگەیاند، گواستنەوەی ئەو پەناخواز و پەنابەرانە لە “بەرژوەندیی ماددی گشتیدایە”، بەو واتایەی کە تێچووی خزمەتکردنیان لەسەر حکومەتی بەریتانیا کەمدەبێتەوە.
بۆریس جۆنسن و پریتی پاتێل، سەرۆکوەزیران و وەزیری نێوخۆی بەریتانیا پێشوازییان لە بڕیاری دادگەکە کرد.
جۆنسن رۆژی هەینی لە تویتێکدا نووسی، “ناتوانین رێگە بە قاچاخچییەکان بدەین ژیانی خەڵکی بخەنە مەترسییەوە و هاوبەشییە پێشەنگەکەمان کاری بازرگانیی ئەو تاوانکارە بێبەزەیییانە پووچەڵدەکاتەوە.”
رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە کۆچبەرانیش بەڵێنیانداوە کە بەردەوامبن لە دژایەتیکردنی بڕیارەکە.
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا بڕیاریداوە 14ی ئەم مانگە زیاتر لە 100 پەنابەر کە ژمارەیەکیان هاونیشتمانیی کوردن، دیپۆرتی رواندا بکات بۆ ئەوەی لەوێ چاوەڕێی مامەڵەی پەناخوازییان بکەن.
بەڵام ژمارەیەک میوزسیان، نووسەر، وەرزشڤان، پارێزەر، چالاکڤان، رۆژنامەڤان و هونەرمەندی دیاری بەریتانی نامەیەکی هاوبەشیان بۆ کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی ناردووە کە گواستنەوەی پەنابەران رەتبکەنەوە.
لە نێو ئەوانەی کە نامەکەیان نووسیوە بریتین لە ئاکالا، میوزسیان و نووسەر، گاری لینکەر، یاریزانی پێشووی تۆپی پێ و هەردوو ئەکتەر ئەجوا ئەندۆ و ترەیسی ئێمین. داوایان لە کۆمپانیاکانی تیتان ئەیروەیز، پریڤلج ستایل و ئایبرۆجێت کردووە کار لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا نەکەن و پەنابەران نەگوازنەوە، چونکە بە گوتەی خۆیان “هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ژیانێکی سەلامەت و شکۆمەندا بژیت، گرنگ نییە سیمایان چۆن بێت، لە کوێوە هاتبن یان لە کام سنوورەوە پەڕیبێتنەوە.”
دوای ئەوەی کە رێکخراوێکی ناحکومیی بەریتانی بە ناوی “ئازادبوون لە ئەشکەنجە” دەستی بە هەڵمەتێک کرد، کۆمپانیایەکی دیکە بەناوی ئەیر تانکەر، کە پێشتر پەنابەرە دیپۆرتکراوەکانی لە بەریتانیا گواستبوونەوە، بڕیاریدا چیدیکە کار لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا نەکات و بەشداری لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران لە هەفتەی داهاتوودا نەکات.
هەروەها ناڕەزایی خەڵک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک لەو کۆمپانیانەی ناچارکردووە پۆستەکانیان لەسەر ئینستاگرام و لینکدئین بسڕنەوە.
پلانەکەی بەریتانیا رەخنەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نێو و دەرەوەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار و رێکخراوە مرۆییەکانیشی لێکەوتەوە.
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، پلانەکە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پەنابەران.
ساڵی رابردوو، زیاتر لە 28 هەزار کۆچبەر و پەنابەر لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
بە گوێرەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، ئەم ساڵیش زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و بە قاچاخ لە فەرەنساوە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا.
ساڵی 2020، 8 هەزار و 466 کۆچبەر لەو رێگەیەوە چوونەتە بەریتانیا. لە ساڵی 2019ـش، ژمارەیان 299 کۆچبەر بووە.