بڕیارە رۆژی یەكشەممە 12-6 پەرلەمانی كوردستان كۆبێتەوە لەبەشێكی دانیشتنەكەیدا گفتوگۆ لەبارەی گرانی نرخی بازاڕەكان بكات.
بەپێی كارنامەی پەرلەمانی كوردستان كە لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانەوە بڵاویكردۆتەوە، تیایدا رایگەیاندوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (٥)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم لە كاتژمێر (10)ی بەیانی دەستپێبكات و گفتوگۆ لەبارەی دوو بابەتەوە بكات.
هەر لە كارنامەكەدا هاتوە كە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕو و گفتوگۆكردنی راپۆرتی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی سەبارەت بە (گرانی بازاڕو بەرزبونەوەی نرخی پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان) بەئامادەبونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی.
هەروەها هاتوە كە لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەكەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای (بەركاركردن و هەمواركردنی یاسای فیدرالی و واژۆی ئەلیكترۆنی و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان دەكات.