گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوێنێ هەینی کوڕێکی تەمەن 20 ساڵ لە کۆمەڵگەی “جدیدە”ـی سەر بە ناحیەی رزگاری لەلایەن برایەکییەوە کوژراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 6-11-2022، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی رایگەیاند، کاژێر 11:30ـی دوێنی شەو، ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێکی کوشتن لە کۆمەڵگەی “جدیدە”ی سەر بە ناحیەی رزگاری. دوای گەیشتنی تیمەکانیان بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوتووە کوڕێک بە ناوی “هێمن” کە تەمەنی 20 ساڵە لەلایەن برایەکییەوە کوژراوە.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، کوڕەکە لەلایەن برایەکی کە تەمەنی 43 ساڵە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کوژراوە. گوتیشی، “ئەو کوڕەی براکەی کوشتووە، دەستگیرنەکراوە و دوای کوشتنی هێمنی برای لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە.”
رۆژی یەکشەممە 5-6-2022، رووداوێکی دیکەی کوشتن روویدابوو کە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئاگاداراکرابوونەوە. پۆلیسی هەولێر لەوکاتەدا گوتی، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە کەسێک بە ناوی ‘ھەرێم ئیبراھیم ساڵح’ـی تەمەن 38 ساڵ کە پێشمەرگە بووە کوژراوە و کوڕەکەشی کە ناوی ‘هەڵۆ’یە و تەمەنی 16 ساڵە برینداربووە.