وەزارەتی رۆشنبیری: هەر میدیایەك رووماڵی كوشتن و سووتان بكات، سزا دەدرێت

لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر دەزگایەکی میدیایی رووماڵی هەواڵەکانی تاوان بکات، سزا دەدرێت. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: رووماڵەکان دەبنە هاندان بۆ کاری هاوشێوە.

لەم بارەیەوە نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا گوتی: ئێمە زۆر بە وردی چاودێری ئەو رووماڵانەمان کردووە کە بۆ رووداوەکانی تووندوتیژیی، سووتان و کووشتن کراون و پێمانوایە، ئەمە جۆرێکە لە بازاڕکردن بۆ ئەم دیاردەیە کە دیاردەیەکی زۆر ترسناکە، بۆیە بڕیارمانداوە سزای یاسایی ئەو میدیایانە بدەین کە ئەو رووداوانە رووماڵ دەکەن و دەیگوازنەوە.

بە گوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا 215 رووداوی کوشتنی بەئەنقەست، 59 کوشتنی بەهەڵە و 287 خۆکوشتن تۆمارکراون.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبریی و لاوانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: “هاوپێچ لەگەڵ نووسراوماندا، وێنەیەک لە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران/ فەرمانگەی میدیا و زانیاری ژمارە 25تان لە 29-5-2022 بۆ رەوانە دەکەین سەبارەت بە راگرتنی رووماڵی هەواڵی تاوان وەکو (کووشتن، خۆسووتاندن و هتد..) دەکەین، کە دەبێتە هۆی هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی، بەپێچەوانەوە رێکاریی یاسایی بەرامبەر میدیاکەتان دەگرینەبەر.”

پەیوەندیدار