پۆلیسی هەولێر: پیاوێک هاوژینەکەی و سێ کەسی دیکە بریندار دەکات و هەڵدێت

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ڕوداوێكی ته‌قه‌كردندا و به‌هۆی كێشه‌ی خێزانیه‌وه‌، 4 (چوار) كه‌س برینداربون و لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیسیش له‌باره‌ی ئه‌و روداوه‌ ده‌ستیپێكردوه‌.

هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڕه‌كی ته‌عجیلی شاری هه‌ولێر كه‌سێك كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بوه‌ته‌ شه‌ڕ و ده‌ماقه‌ڵه‌یان، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی چوه‌ته‌ ماڵێكی دیكه‌ هه‌ر له‌هه‌مان گه‌ڕه‌ك، ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ له‌كارگه‌یه‌كی به‌فر كارده‌كات، به‌ ئۆتۆمبێلێك رۆیشتوه‌ بۆ ئه‌و ماڵه‌ی ژنه‌كه‌ی خۆی تێیدا حه‌شارداوه‌.

وتیشی، “تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه‌ رۆیشتوه‌ ده‌مانچه‌یه‌كی تێدابوه‌، دوای ئه‌وه‌ی چوه‌ته‌سه‌ر ماڵه‌كه‌ و وتویه‌یه‌تی، هاوسه‌ره‌كه‌م بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ به‌زۆر هاوسه‌ره‌كه‌ی ببات و پێیوتوه‌، هاتوه‌ته‌ ماڵی ئێمه‌ و ناتوانین به‌زۆر بتده‌ینه‌وه‌، له‌ئه‌نجامیشدا ده‌مه‌قاڵێ له‌نێوانیان دروستبوه‌”.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌ده‌مانچه‌ ته‌قه‌ی كردوه‌، گوللـه‌یه‌كی له‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ و كوڕێك و كچێكی هه‌مان كه‌س داوه‌، دواتریش گوللـه‌یه‌كی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی داوه‌ و پاشانیش به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتوه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، “له‌ئێستادا برینداره‌كان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون و دۆخی ته‌ندروستیان جێگیره‌، خاوه‌نی ئۆتۆمبێل و ده‌مانچه‌كه‌ كه‌ خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و كارگه‌یه‌یه‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ كاری تێدا ده‌كات ده‌ستگیركراوه‌، گه‌ڕان و به‌دواداچونیش بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی روداوه‌كه‌ ده‌ستیپێكردوه‌”.

پەیوەندیدار